شەڕ لەنێو لیوایەکی پێشمەرگە لە بەردەڕەش روویدا؛ کوژراو و بریندار هەن
شەڕەکە لە بارەگای لیوای12ی پێشمەرگە، کە دەکەوێتە نێوان بەردەڕەش و مەندان لەنزیک چیای مەقلووب روویداوە و بەهۆیەوە رائیدێک و مولازمێک کوژراون.
سەرچاوەیەک لە ئاسایشی بەردەڕەش گوتی: بەڵێ شەڕ لەنێو لیوای 12ی پێشمەرگە روویداوە و بەهۆیەوە دوو کەس کوژراون و کەسێكی دیکەش برینداربووە.
بەگوتەی ئەو سەرچاوەیە ئەوانەی کوژراون و برینداربوون ئەمانەی خوارەوەن:
- رائید سەباح حەمەد شێخە (خەڵکی شارۆچکەی خەلیفان)ـە
- مولازمی یەک محەممەد شێخۆ عەلی (خەڵکی شارۆچکەی دینارتە).
- بریندارەکەش کوڕی رائید سەباحە و ناوی سەدادە
ئەو سەرچاوەیەی ئاسایش لەبارەی ئەوانەی کە تەقەکەیان ئاراستەی کوژراو و بریندارەکان کردووە و تۆمەتباری رووداوەکەن گوتی "ئەوانەی تەقەیان لەو سێ کەسە کردووە بران و هەڵاتوون، بەڵام تاوەکو ئێستا شوێنەکانیان دیارنییە".
وەک ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی پێدەدات، بکوژەکان خەڵکی شارۆچکەی سەروچاوەی سەر بە قەزای رانیەن.
هێمن سلێمان، گوتەبێژى پۆلیسى دهۆک راگەیاند: رەوشەکە کۆنتڕۆڵکراوە و بریندارەکەش رەوانەی نەخۆشخانە کراوە.
