هەوڵێك بۆ دامەزراندنی سەدان كەس دەست پێ دەكرێت

هەوڵێك بۆ دامەزراندنی سەدان كەس دەست پێ دەكرێت
لە رێگەی پەرلەمانەوە داواكراوە هەزار و 578 كارمەندی گرێبەستی تەندروستی بكرێنە فەرمانبەری هەمیشەیی.

زانا مەلا خالید، پەرلەمانتاری پارتی لە لیژنەی كاروباری تەندروستی پەرلەمانی كوردستان رايگەیاند، بۆ بەهەمیشەییكردنی فەرمانبەری گرێبەستی تەندروستی هەولێكیان دەست پێكردووە، گوتی: "یاداشتێكم داوەتە سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان بۆ ئەوەی نووسراو بۆ ئەنجومەنی وەزیران بكرێت تاوەكو هەزار و 578 كارمەندی گرێبەستی تەندرستی بكرێنە فەرمانبەری هەمیشەیی".

گوتیشی: "لە 5 ساڵی رابردوودا 7هەزار و 250 فەرمانبەری وەزارەتی تەندروستی یان خانەنشین بوونە یان فەسڵ بوونە یان وازیان هێناوە، بۆیە بۆشایی لەو كەرتە دروست بووە، گوتیشی:" ئەو بۆشاییە لە لایەن خۆبەخش و گرێبەستەكان پڕكراوەتەوە بۆیە داواكارین گرێبەستەكان بكرێنە هەمیشەیی".

روونیشی كردەوە، هەوڵی جدی دەدەن لەرێگەی حكوومەت بۆ ئەوەی گرێبەستەكان بەپێی ئیمكانیەتی حكوومەت، وەكو مامۆستایانی گرێبەست بكرێنە هەمیشەیی، گوتیشی: "دەكرێت لە دوای مامۆستایان كارمەندانی گرێبەستیش بكرێنە هەمیشەیی، چونكە ئەوان لە ماوەی قەیران نەیانهێشت كەرتی تەندروستی حكوومی پەكی بكەوێت".

لە هەفتەی رابردوودا ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا سەرجەم مامۆستایانی گرێبەست كە ژمارەیان 6هەزار كەسە بكرێنە هەمیشەیی.












باسنيوز
Top