راوێژكارێكی ئەردۆغان مەترسیی دوورخستنەوەی لەسەرە

راوێژكارێكی ئەردۆغان مەترسیی دوورخستنەوەی لەسەرە
بەهۆی ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوودا، بولەنت ئارینج گەورە راوێژكاری رەجەب تەییب ئەردۆغان رەخنەی لە بڕیارنامەكانی یاسای توركیا گرتووە، بەرپرسانی ئاكەپە داوا دەكەن ئەردۆغان دووری بخاتەوە و سزای توندی بەسەردا بسەپێنێت.

بولەنت ئارینج پێی وابوو (بڕیارنامەی یاسایی) كە ئەردۆغان دەسەڵاتی دەركردنی هەیە، شتێكی خراپە و بە كارەسات ناوی بردووە.

بەهۆی ئەو گوتەیەشەوە لەلایەن میدیاكانی سەر بە ئاكەپە و بەرپرسانی ئاكەپەوە ڕووبەڕووی رەخنەیەكی توند بووەوە، ئەردۆغانیش لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی دا كۆبوونەوەیەك لەو ڕووەوە دەكەین و بزانین چۆن ئارینج قسەیەكی لەو شێویەی كردووە.

ئەگەرچی ئاژانسەكانی هەواڵی توركیا بڵاویان كردەوە، كە ئارینج لە كار دوور دەخرێتەوە و بە زۆر دەستی پێ لەكار دەكێشنەوە، بەڵام ئارینج هەر زوو داوای لێبوردنی كردووە و رۆژنامەی (جومهوریەت) ئاشكرای دەكات كە ئارینج بە فەرمی داوای لێبوردنی لە ئەردۆغان كردووە.

جگە لەوەش لە دیمانەیەكیدا لەگەڵ كەناڵی (خەبەر تورك) ئارینج لەڕێگەی تەلەفۆنەوە داوای لێبوردنی كرد و گوتی خۆزگە قسەیەكی لەو شێوەیەم نەدەكرد و من لەپشت سەرۆكەكەمانم.

بەڵام چەند میدیایەكی سەر بە ئاكەپە ئاشكرای دەكەن، ئەردۆغان لەسەر ئەو گوتەیە بە ئاسانی لێی خۆش نابێت و رەنگە لە داهاتوویەكی نزیكدا دووری بخاتەوە.

بولەنت ئارینج لە ٢٠١٥ بەهۆی ئەوەی رەخنەی لە ئەردۆغان گرت و گوتی وەكوو سەرۆك كۆمار بۆی نییە دەست لە كاروباری حكوومەت وەربدات، چونكە ئەوەی بڕیار دەدات سەرۆك وەزیرانی توركیایە، كە مەبەستی ئەحمەد داودئۆغلو بوو، بۆیە لەو كاتەوە لە ئاكەپە و حكوومەت دوور خرابوەوە و پاشان ئەردۆغان هێنایەوە بۆ ناو كۆشكی كۆماری و پۆستی راوێژكاری پێ درا.












باسنيوز
Top