سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان هەواڵێک رەتدەکاتەوە
ئەمڕۆ لە چەند پێگەیەکی هەواڵی لە هەرێمی کوردستان هەواڵێک بڵاوکرایەوە گوایە رۆژی چوارشەممە 6-11-2019 لەلایەن پاسەوانەکانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رێگریی لە یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکانی سەرۆکی پەرلەمان کراوە بچیتە هۆتێل رۆتانا بۆ بەشداریی لە دیداری مێری و ئەوەش بووەتە هۆکاری ئەوەی سەرۆکی پەرلەمان بگەڕێتەوە و بەشداریی لە دیدارەکەدا نەکات.
نووسینگەی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لەوبارەوە روونکردنەوەیەکی بڵاوکردووەتەوە و رایدەگەیێنێت: "بەداخەوە لە هەندێ ماڵپەڕ و پێگەی سۆشیاڵمیدیا هەندێ هەواڵی هەڵبەستراو بڵاوکراوەتەوە لەسەر ئەوەی گوایە رێگری لە سەرۆکی پەرلەمان کرابێت بچێتە هۆتێلی رۆتانا بۆ بەشداری لە پانێلی دیداری مێری".
لە روونکردنەوەکەدا هەروەها هاتووە: "لێرەوە رایدەگەیەنین کە ئەم بابەتە هەڵە تێگەیشتنێک بووەو هۆکارەکەی کارمەندانی کۆمپانیای سیکیوریتی بووە لەو شوێنە و هیچ پەیوەندی بە پاسەوان و دامەزراوە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستانەوە نییە. هەر ماڵپەڕ و راگەیاندنێک هەواڵی هەڵبەستراو لەم بارەیەوە بڵاوبکاتەوە ، رێوشوێنی یاسایی دەگرینەبەر".
