مەسروور بارزانی: بەهەموو توانامەوە بەرەوڕووی گەندەڵی دەوەستمەوە

مەسروور بارزانی: بەهەموو توانامەوە بەرەوڕووی گەندەڵی دەوەستمەوە
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرەکیترین کاری حکومەتەکەی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی ناودەبات و دەڵێت زۆر جیدین بۆ ئەوەی بەهەر شێوەیەک بێت ئەو دیاردەیە زۆر زۆر کز بکەین و خوا یارمەتیدەربێت بەرەو نەمانی ببەین.

مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دیداری مێری بەشێکی قسەکانی تەرخانکرد بە پرسی گەندەڵی و رووبەڕووبوونەوەی کابینەکەی بۆ نەهێشتنی گەندەڵی و رایگەیاند: "لەسەرەتاوە گوتوومە کە دژی گەندەڵیم، هەموو هەوڵێکم داوە و دەیشیدەم بۆ ئەوەی ئەو دیاردەیە بنبڕ بکرێت. لەهەموو جیهانیش گەندەڵی هەیە بەڵام رێژەییە، ناتوانین بڵێین لە هیچ شوێنێکی جیهان گەندەڵی نییە. گەندەڵیش تەنیا گەندەڵی دارایی نییە، بۆ نموونە لە خراپ بەکارهێنانی کات، خۆ ئەوەش گەندەڵییە، دەوام نەکردنی ئەو فەرمانبەرەی کە دەبوایە لە خزمەتی خەڵکی کوردستان لەو ماوەیەی بۆی دانراوە دەوام بکات بەڵام کارەکەی خۆی بەجێدێڵێ، ئەمەش گەندەڵییە".

مەسروور بارزانی گوتی: "هەندەێ چارەسەریی گەندەڵی دەکەوێتە سەر بڕیاری حکومەت و هەندێکیشی دەگەڕێتەوە سەر بوونی ئیمکانیات بۆ باشترکردنی دۆخەکە. ئەوەی ئێمە لەم کابینەیە توانیومانە بیکەیەن لەسەرەتاوە بڕیارمانداوە کە دەبێت دەوام رێکبخرێت. چونکە خەڵک متمانەی سەرەکییان لەسەر ئەو فەرمانبەرەیە کە دەوامی خۆی دەکات و بەرپرسە لە جێبەجێکردنی کارەکانی هاونیشتمانیان ، کەسێک لە شوێنێکی دوورەوە دێتە هەولێر و دەبێت پارەی تەکسی بدات یان پارەی بەنزینی ئۆتۆمبێلەکەی خۆی بدات و کارێکی خۆی بەجێبێڵی و دێت بۆ ئەوەی کارێکی خۆی رایی بکات، ئەم کارە ئەگەر بە دووکاژێر دەکرێت بەڵام بەهۆی نەبوونی فەرمانبەرەکە بۆی ناکەن و دەبێتە دوومانگ، ئەمەش گەندەڵییە".

سەرۆکوەزیران لەبارەی چارەسەرکردنی ئەو پرسە کە خۆی بە گەندەڵی ناویدەبات گوتی: "بڕیاری ئێمە ئەوە بووە هەرکەسێک فەرمانبەری حکومەتە خزمەتکاری خەڵکە، ئەو کەسەی لەوێ دادەنرێ بۆ ئەوەی خزمەتی خەڵک بکات دەبێ خزمەتی خەڵکەکە بکات، دەبێ مەمنوونیش بێت هاووڵاتی لێی رازی بێت نەک منەتی بەسەردا بکات، ئەمە سیاسەتی ئێمە بووە و لەسەر ئەمەش رۆشتووین. زۆریش خۆشحاڵم کە ئەوەی دەیبیستمەوە ئەوەیە کە خەڵک لەوە رازین کە ئەو دەوامە رێکخراوەتەوە".

مەسروور بارزانی راگرتنی هەموو ئەو هۆکارانەی کە گەندەڵییان پێوەدەکرا بە نیوەی چارەسەرکردنی گەندەڵی ناودەبات، ئەو دەڵێت: "نیوەی چارەسەرکردنی گەندەڵی ئەوەیە تۆ رێگەبگری چیدیکە نەکرێ. ئەوەی دەمێنێتەوە پێداچوونەوە بەو شوێنانە یان ئەو بابەتانەیە کە لەوانەیە بەشێوەیەک لە شێوەکان گەندەڵییان تێدا کرابێت. ئەمەش بە قسە ناکرێت و دەبێ بە دۆکیۆمێنت بێت و دڵنیابین کە بە چ شێوەیەک کراوە. ئێمە زۆر جیدین بۆ ئەوەی بەهەر شێوەیەک بێت ئەو دیاردەیە زۆر زۆر کز بکەین و خوا یارمەتیدەربێت بەرەو نەمانی ببەین".

هاوئاهەنگی و تێگەیشتنێکی زۆر لەنێوان من و کاک قوباد هەیە

من بۆ ئیمتیاز ئەو پۆستەم قبوڵنەکردووە، هاتووم بۆ ئەوەی بتوانم ئەوەی لە توانامدا بێت خزمەتی خەڵک بکەین و لەرێگەی ئەم حکومەتەوە لە خزمەت هەموو گەلی هەرێمی کوردستان بین. راستە دروستکردنی حکومەتەکە ماوەیەکی پێچوو، بەڵام لە ئەنجامدا توانیمان حکومەتێک پێکبهێنن کە ماوەیەکە کەوتووەتە کار و هەستدەکەم هاوئاهەنگییەکی زۆر و تێگەیشتنێکی زۆر هەیە لەنێوان من و جێگری سەرۆکی حکومەت کاک قوباد و لەگەڵ هەموو وەزیرە بەڕێزەکان کە لە کابینەکەدا بەشدارن. جیدیەتی ئیشکردنم لەوانیش بیستووە.

رۆژی یەکەمیش لەگەڵ هەموو وەزیرە بەڕێزەکان قسەمانکردووە و پێشم گوتوون هاتووین خزمەتی خەڵک بکەین و حکومەت ئامرازێکە بۆ جێبەجێکردنی ئەو ئەجێندا هاوبەشەی لەلایەن هەموو لایەنە سیاسیە بەشداربووەکانی حکومەت نووسراوە، کەواتە ئەجێندایەکی هاوبەشمان هەیە و پابەندین بە جێبەجێکردنی ئەو ئەجێندایە.

پێمگوتوون دەتوانین لەیەکدی نزیکتر بین کاتێک هاتووین هەموومان خزمەتی خەڵک بکەی. ئێمە نەهاتوون خۆمان بەسەر خەڵکدا بسەپێنین بەڵکو هاتووین لە خزمەتی خەڵکدا بین و هەمان رۆحیەتم لە وەزیرە بەڕێزەکانیشدا بینیوە بۆیە چاوەڕوانی ئەوەم ئومێد بەخوا سەرکەوتنێکی باش بەدەستبهێنین.
Top