هه‌ر سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستان كۆدەبنەوە
به‌گوێره‌ی ئه‌و زانیاریانه‌ی ده‌ست كوردستان24 كه‌وتووه، بڕیاره کاتژمێر 10ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، هه‌ر سێ ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كه بریتین له سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و حكوومه‌ت و په‌رله‌مان كۆببنه‌وه.
كوردستان24 زانیوویه‌تی كه ره‌وشی ئێستای عێراق و ناوچه‌كه ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی كۆبوونه‌وه‌كه ده‌بێت.
دوا به‌دوای ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ش، بڕیاره هه‌ر سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستان به به‌شداری سه‌رۆك كۆماری عێراق به‌رهه‌م ساڵح له‌گه‌ڵ لایه‌نه سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كۆبوونه‌وه‌یه‌كی فراوان ئه‌نجامبده‌ن و دۆخی ئێستای عێراق و په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی كۆبوونه‌وه‌كه ده‌بێت.
دوێنێ ئێوارەش بەرهەم ئەحمەد ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق گه‌یشته شاری هه‌ولێر و لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر لەلایەن نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان و ژمارەیەك لە وەزیرەكان پێشوازی لێكرا.
K24
