لە حەویجە 70 مەدەنی لە هێرشێکی ئاسمانیی هۆڵەندیدا کوژراون

لە حەویجە 70 مەدەنی لە هێرشێکی ئاسمانیی هۆڵەندیدا کوژراون
حکومەتی هۆڵەندا دانیپێدادەنێت کە هێزە ئاسمانییەکانی لە هێرشێکدا بە فڕۆکەی جۆری F16 لە حەویجە بەبێ مەبەست 70 کەسی سیڤیلیان کوشتووە.

ئانک بایلەفێڵد، وەزیری بەرگریی هۆڵەندا، لە نامەیەکدا بۆ پەرلەمانی وڵاتەکەی دان بەوەدا دەنێت کە ساڵی 2015، کاتێک هێرشکراوەتە سەر کۆگایەکی تەقەمەنیی داعش لە حەویجە، "مەزەندەی ناتەواو" بۆ بڕی تەقەمەنییەکان کراوە و نەشزاندراوە کە خەڵکی سیڤیل لە دەوروبەری گۆگاکەدا دەژین. لەئەنجامی ئەمەشدا گەڕەکێک بەتەواوەتی وێرانبووە و 70 کەسی سیڤیلیش گیانیان لەدەستداوە.

هەر لە نامەکەدا هاتووە کە راستە هێزی ئاسمانیی هۆڵەندا ئەو هێرشەیکردووە، بەڵام لەبەرئەوەی لەسەر داوای بەغدا و لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتیی دژی داعش روویداوە، بۆیە دەبێ کەسوکاری قوربانییان بۆ داواکردنی قەرەبووی ماددی "روو لە بەغدا بکەن".


وەزیری بەرگریی هۆڵەندا دانیش بەوەدا دەنێت کە کاتێک ساڵی 2015 لەلایەن پەرلەمانەوە داوای زانیاری لە جانین هێنیس پلاسخارت، وەزیری ئەوکاتی بەرگریی هۆڵەندا کراوە، ئەو "زانیاریی تەواوەتیی نەداوەتە پەرلەمان" و رایگەیاندووە زانیارییەکی وای لەبەردەست نییە کە بیسەلمێنێ کەسی سیڤیل بوونەتە قوربانی لەو هێرشەدا.

ئەمەش لەکاتێکدایە کە، وەک لە نامەکەی وەزیری بەرگریی هۆڵەندادا دەردەکەوێت، پلاسخارت راپۆرتی ئەمریکییەکانی لەبەردەست بووە کە پشتڕاستیکردووەتەوە لە هێرشەکەدا خەڵکی سێڤیل کوژراون. ئێستا پلاسخارت نوێنەری سکرتێری گشتیی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانە لە عێراق.

نامەکەی وەزیری بەرگریی هۆڵەندا بۆ پەرلەمان دوای ئەوە هات کە میدیاکانی هۆڵەندا لە رۆژانی رابردوودا راپۆرتی بنکۆڵکارییان سەبارەت بە رووداوەکەی حەویجە و رووداوێکی دیکەی هاوشێوە لە موسڵ بڵاوکردەوە کە لە هەردووکیاندا حکومەتی هۆڵەندا دانیپێدادەنێت خەڵکی سیڤیل کوژراون.

Top