نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ بەرهەم ساڵح و کەسی یەکەمی حیزبەکان بارودۆخی عێراق تاوتوێدەکەن
کۆبوونەوەکان لەکاتێکدا ئەنجامدەدرێن خۆپیشاندان لە بەغدا و چەند شارێکی دیکەی ناوەڕاست و خوارووی عێراق بەردەوامن و کاردەکرێت بۆ هەموارکردنەوەی دەستوور و هەوڵیش هەیە بۆ گۆڕینی سیستمی بەڕێوەبردن لە عێراقدا لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆکایەتی، ئەو دوو پرسەش بابەتی سەرەکی کۆبوونەوەکان دەبن.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان جەخت لەوە دەکاتەوە، دەبێت شوێنێك هەبێت لایەنە سیاسییەكان بە تەواوی پێكهاتە و ئایینەكانەوە تێیدا بتوانن كۆدەنگییەك لەسەر پرسە سیاسییەكان دروستبكەن، ئەو شوێنەش سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستانە.
راوێژکارێکی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، دەبێت لەم کاتەدا هەموو بۆچوونەکان یەکبخرێن بە ئاراستەیەک مافەکانی گەلی کوردستان لە عێراق پارێزراوبن.
دڵشاد شەهاب، راوێژکاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان راگەیاند "عێراق لە بارودۆخێکی تەمومژاویدا گوزەردەکات کە ئاراستەکانی دیارنین، بێگومان هەر رووداوێکیش لە عێراق رووبدات رەنگدانەوەی بەسەر کوردستانەوە دەبێت. لەبەرئەوە بە پێویست زانرا ئەم کۆبوونەوەیە بۆ هەڵسەنگاندنێکی واقیعیانەی ئەو دۆخەی لە عێراقدا هەیە بکرێت و رۆڵی کوردستان و نوێنەرانی گەلی کوردستان بەشێوەیەکی گشتی لە ئەنجوومەنی نوێنەران و لە گۆڕەپانە سیاسییەکان بەشێوەیەکی دیکە لەبەرچاوبگیردرێت، هەروەها سەرەڕای بۆچوونە سیاسییە جیاوازەکان، هەوڵبدرێت یەک گوتاری و یەکڕیزیی هەبێت و ململانێ سیاسییەکان وەلابندرێن، بەڵام بەرژەوەندییە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان بە گەورەتر سەیربکرێن".
لە کۆبوونەوەی پێشووی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و حیزبەکاندا کەسی یەکەمی هەموو حیزبەکان ئامادەبوون و بۆ سبەی سێشەممەش هەموو حیزبەکان بانگهێشتکراون.
سکرتێری جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان ئاماژە بەوە دەکات، گرنگە سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی هەمواری دەستوور راوێژ بە کەسانی پسپۆڕ و فراکسیۆنە کوردستانییەکانیش لە پەرلەمانی عێراق بکات.
عەدنان عوسمان، سکرتێری جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان راگەیاند "دۆخێکی سیاسیی و دەستووری دروستبکرێت بۆ بەدواداچوون و پێداچوونەوە و سەیرکردنی هەموو ئەو رووداوانەی لە عێراق روودەدەن، هەموو ئەو پرسانەشی لەسەر پێگەی هەرێمی کوردستان و دەستوور و لامەرکەزییەت و ئایندەی هەرێمەکە لە دەستووری عێراق تاوتوتێ بکرێت و لایەنەکان کۆببنەوە کارێکی خراپ نییە".
پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستانیش ترسیان لە هەموارکردنەوەی دەستووری عێراق هەیە و دەڵێن، نیازپاکی لەم هەوڵەدا نابینن.
رۆمیۆ هەکاری، سکرتێری گشتی پارتی دیموکراتی بێت نەهرێن راگەیاند "ئێمە دوو ترسمان لە هەموارکردنی دەستووری عێراق هەیە، یەکەمیان ترسمان لەوەدایە دەستکاری ئەو ماددە و بڕگانە بکرێت کە پەیوەستە بە ماف و داخوازی و ئایندەی ئێمە لە عێراق. دووەمیان ئێمە بە دڵنیاییەوە لە 2005ـەوە تاوەکو ئێستا بیروبۆچوون و داخوازییەکانمان گۆڕانکاری بەسەرداهاتووە".
لەدوای دەستبەکاربوونی نێچیرڤان بارزانی وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە حوزەیرانی رابردوودا دووەمجارە هەموو لایەنەکان پێکەوە کۆبکاتەوە، پێشتریش لەسەروبەندی هێرشی تورکیا بۆسەر رۆژئاوای کوردستان لەگەڵ کەسی یەکەمی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە بۆ تاوتوێکردنی بارودۆخەکە و یەکخستنی هەڵوێستی هەرێمی کورستان لەوبارەوە.
