هەسەدە: تورکیا بەرپرسە لە تەقینەوەکانی گرێ سپی و سەرێ کانی

هەسەدە: تورکیا بەرپرسە لە تەقینەوەکانی گرێ سپی و سەرێ کانی
دوێنێ ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو لە گرێ سپی تەقییەوە، هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە ئاماژە بەوە دەکەن تورکیا بەرپرسیارە لەو تەقینەوەیە و تەقینەوەکانی دیکەی سەرێ کانی. بەو کارەش مەبەستیەتی ترس و تۆقاندن بخاتە دڵی خەڵکییەوە.

کینۆ گابرێل، گوتەبێژی هەسەدە لە راگەیێندراوێکدا ئاماژە بەوە دەکات، تورکیا دەیەوێت خەڵکی ناوچەکانی خۆیان جێبهێڵێن، خەڵکی دیکە لە شوێنەکانیان نیشتەجێبکات و گۆڕانکاری دیمۆگرافی لە ناوچەکە بکات.

لە راگەیێندراوەکەی هەسەدە ئەوەشهاتووە، ناوچەکانی گرێ سپی و سەرێ کانی کەوتوونوونەتە بەر هێرشی ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراو و ئەوان سەرکۆنەی ئەو هێرشانە دەکەن بەتایبەتی ئەوانەی کەسانی مەدەنی دەکەنە ئامانج.

ئێوارەی دوێنێ شەممە ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو لە شارۆچکەی گرێ سپی لە رۆژئاوای کوردستان تەقییەوە، روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤیش دەڵێت، لانیکەم 13 مەدەنی گیانیان لەدەستداوە و 30 کەسی دیکەش برینداربوونە.

هەرچەندە هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی لە تەقینەوەکە رانەگەیاندووە، بەڵام وەزارەتی بەرگری تورکیا یەپەگەی بە بەرپرس لە تەقینەوەکە ناوبرد.

وەزارەتی بەرگری تورکیا لە توویتێکدا رایگەیاند "سەرکۆنەی ئەو هێرشە نامرۆڤانەیە دەکەین کە لەلایەن تیرۆریستانی یەپەگە/پەکەکە ـەوە ئەنجامدراوە و خەڵکی بێتاوانیان کردووەتە ئامانج کە دوای ئۆپەراسیۆنی کانیاوی ئاشتی گەڕاونەتەوە ماڵەکانیان".
Top