خەسرۆ گۆران: پرسی ھەڵبژاردنی پێشوەختە پێشنیازە و نەبووەتە بڕیار

خەسرۆ گۆران: پرسی ھەڵبژاردنی پێشوەختە پێشنیازە و نەبووەتە بڕیار
بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، لە ئەگەری ھەڵبژاردنی پێشوەختەدا، پارتی ئامادەیە بۆ ھەڵبژاردن و دەشڵێ، ھێشتا پێشنیازە و ئەگەر بڕیار درا، ھەموو لایەنەكان ملكەچی ھەڵبژاردن دەبن.

خەسرۆ گۆران، بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی راگەیاند: " ھێشتا پرسی ھەڵبژاردنی پێشوەختە پێشنیازە و نەبووەتە بڕیار".

بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردن گوتیشی: "ھەڵبژاردنی پێشوەختەش ئەوكاتە ئەنجام دەدرێت، كە حكوومەت ھەڵدەوەشێتەوە، ھەڵبژاردنی رابردووش ساڵێكی بەسەردا تێپەڕیوە و ئەوەندە زۆر نییە ئەنجام دراوە".

پەیوەست بە گونجاویی رەوشی عێراق بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختە، گۆران ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "عێراق زۆر قۆناغی سەختتری بڕیوە و ھەڵبژاردن تێیدا بەڕێوە چووە، رەوشەكە گونجاو بێت و یان نا، ئەگەر بڕیار بدرێت ھەڵبژاردن بەڕێوە دەچێت".

گۆران دەشڵێت: "ھەر بڕیارێك لە بەغداوە بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختە بدرێت، پارتیش ھاوشێوەی لایەنەكانی دیكەی عێراق پێویستە خۆی ئامادە بكات و ئێمەش بۆ ھەر ھەڵبژاردنێك ئامادەین ئەگەر ئەنجام بدرێت".
Top