قایمقامی دووکان: دەست بەسەر ئەو کێکەدا گیرا کە حەبی تێدایە
ئەمڕۆ (شەممە 2-11-2019) قایمقامییەتی قەزای دووکان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایدەگەیێنێت "ئەمشەو لە ئەنجامی پشکنین و بەدواداچوونەکانی لیژنەی چاودێری تەندروستی بەڕێوەبەرایەتی شارۆچکەی پیرەمەگروون دەست بەسەر ئەو کێکەدا گیرا کە حەبی تێدایە، پێشتر لە پارچە ڤیدۆیەکدا بڵاوکرابووەوە لەنێو هاووڵاتیانیشدا مشتومڕی بەدوای خۆیدا هێنابوو".
وەک لە راگەیێندراوەکەی قایمقامییەتی دووکاندا هاتووە "دوای دەست بەسەرداگرتنی کێکەکە، تەواوی ئەو شمەکە لە مارکێتەکەدا دەستی بەسەرداگیرا و رەوانەی سلێمانی کرا تاوەکو پشکنینی بۆ بکرێت و زیانەکانی ئەو حەبە دەستنیشان بکرێت".
سیروان سەرحەد، قایمقامی دووکان لەبارەی دەستبەسەرداگرتنی کێکەکە رایگەیاند "داوا لە هاووڵاتیان دەکەین بەهیچ جۆرێک ئاو کێکە بۆ خواردن بەکارنەهێنن، تاوەکو ئەنجامی پشکنینەکان دەردەچێت".
قایمقامی دووکان دەڵێت، تەواوی لیژنەکانیان لە سنووری قەزای دووکان دەستکراوەن و بەردەوام لە چاودێری بازاڕ و فرۆشگاکان، لە پێناو سەلامەتی گیانی هاووڵاتیانی سنوورەکەدا.
راگەیاندنی قایمقامییەتی قەزای دووکان، هاووڵاتیان لە ئەنجامی پشکنینەکان بۆ ئەو جۆرە حەبە ئاگاداردەکاتەوە.
پێشتر ڤیدیۆیەکی هەمان کێک کە حەبی لەناودابوو بڵاوبووبوویەوە و دواتر هەڵمەتێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ لەنێوبردنی ئەم جۆرە کێکە لە بازاڕ و کۆگاکانی فرۆشتنی تایبەت بەو کێکە راگەیێندرا، داوا لە دامودەزگاکان لە شار و شارۆچکەکانی کوردستان کرا کە بەدواداچوون بۆ ئەم جۆرە کێکە بکرێت.
پێشتر وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەپێی لێکۆڵینەوەکانیان دەرکەوتووە هیچ جۆرە دەرمانێك لەنێو ئەو کێكە نەدۆزراوەتەوە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان باس دەکرێت.
هەفتەیەک بەر لە ئێستا گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبوویەوە کە تێیدا دیارە "هاونیشتمانییەک کێکێک هەڵدەپچڕێ و دوو حەبی تێدا دەردەهێنێت، دواتریش دەڵێت "حەبەکان حەبی ئیفلیجین"، وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان بەدواداچوونی کرد و لەئەنجامدا رەتیکردەوە حەب لەنێو کێكەکە هەبێت.
وەزارەتی تەندروستی رایدەگەیێنێت دوای بەدواداچوونی بەڕێوەبەرایەتی کاروباری خۆپاراستنی تەندروستی هەولێر بەدواداچوونیان بۆ ئەو کێکە کردووە کە گوایە حەبی تێدایە، دوای بردنی بۆ تاقیگە و هەڵپچرینی چەند نموونەیەکی جیاواز، هیچ حەبێک لەنێویدا نەدۆزراوەتەوە.
