خوێندنی باڵا فەرمانى دامەزراندنى سێ یەکەمەکان ئاراستەی زانکۆکان دەکات

خوێندنی باڵا فەرمانى دامەزراندنى سێ یەکەمەکان ئاراستەی زانکۆکان دەکات
گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رایدەگەیێنێت، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى فەرمانى وەزارى دامەزراندنى سێ یەکەمەکانى ساڵى خوێندنى 2015-2016ـی ئاراستەی زانکۆکانى کوردستان دەکات.

عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی راگەیاند "پاڵپشت بە بڕیارى ئەنجومەنى وەزیران، ئەمڕۆ چوارشەممە بە واژۆی د. ئارام محەممەد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و بە نوسراوى ژمارە 18120 فەرمانى دامەزراندنى سێ یەکەمەکان دەرچوو. بەمەبەستى کارى پێویست، فەرمانەکە ئاراستەى گشت زانکۆکانى کوردستان دەکرێت".

لە خاڵى یەکەمی فەرمانی دامەزراندنەکەدا هاتووە: دامەزراندنى هەریەک لە سێ یەکەمەکان لەسەر ئاستى بەش لە دەرچوانى گشت زانکۆ حکومییەکانى سەر بە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بۆ ساڵى خوێندنى 2015-2016 بەشێوەى هەمیشەیى لەسەر میلاکى وەزارەتەکەمان.

خاڵى دووەم: سێ یەکەمەکان مافى گۆڕینى شوێنى دامەزراندنیان هەیە لە ماوەى یەک مانگدا، لەسەر میلاکى وەزارەتەکەمان بۆ سەر میلاکى هەر وەزارەت و دەستە و لایەنێکى نەبەستراو بە وەزارەت، ئەویش لەدواى رەزامەندى و لارینەبوونى هەردوو لایەن بۆ ئەو شوێنەى هەڵی دەبژێرن.

ئەو بڕیارەی وەزارەتی خوێندنی باڵا لەکاتێکدایە، دواى ئەوەى سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران فەرمانى دامەزراندنى سێ یەکەمەکانى دەرکرد، سکرتاریەتى ئەنجومەنى وەزیرانیش بەنوسراوى ژمارە 8682 لە 27-10-2019 نوسراوى ئاراستەى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کرد.
Top