لێژنەیەکی پەرلەمان خەرجییە گوماناوییەکانی ٢٠ ملیار دینارەکەی سلێمانی ئاشکرا کرد

 لێژنەیەکی پەرلەمان خەرجییە گوماناوییەکانی ٢٠ ملیار دینارەکەی سلێمانی ئاشکرا کرد
ئەمڕۆ لیژنەی ڕۆشنبیریی پەرلەمانی کوردستان لە پرێس کۆنفرانسێکدا زانیارییان لەبارەی بەدواداچوون بۆ چەند پرۆژەیەکی ڕۆشنبیری خستە روو و ئاشکرایان کرد لە ٢٠ ملیار دیناری پایەتختی ڕۆشنبیریدا پێشێلکاری ئاشکرا کراوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە لیژنەی ڕۆشنبیریی پەرلەمانی کوردستان لەبارەی 20 ملیار دینار بوودجەی تایبەت بە پایتەختی ڕۆشنبیریی هەرێمی کوردستان (سلێمانی) لە پرێس کۆنفرانسێکدا ئاشکرایان کرد دەبێ لیژنەکانیی دارایی و نەزاهە لە پەرلەمانی کوردستان بەدواداچوون بۆ ئەم کەیسانە بکەن.

لەمبارەوە لوقمان وەردی لیژنەی ڕۆشنبیری و کۆمەڵگەی مەدەنی و وەرزش و لاوان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان گوتی: "گوتی دوای ئەوەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان نووسراوەی بۆ دەستەی چاودێریی دارای هەرێم کردووە، ئێستا ئەو دەستەیە سەرقاڵی بەدواداچوون و چاودیرین لە شێوازی سەرفکردنی پرسی ٢٠ ملیار دیناری بودجەی پایتەختی ڕۆشنبیری دەکات، هاوکات کارمان لەسەر چۆنیەتی سەرفرکردنی بڕی دوو ملیار دیناری هاوکاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە بۆ یانە وەرزشییەکان سەرفی کردبوو و ەلگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەرزش کۆ بووینەوە بۆ ئەوەی بەرچاوڕوونیمان پێ بدەن و لەمبارەوە زانیاری و بەرچاوڕوونیمان لەسەر چۆنیەتیی سەرفکردنی وەرگرت".

ئاماژەی بەوەش کرد: "هەفتەی رابردوو لیژنەکەمان لیژنەیەکی لاوەکیی پێکهێنا لەسەر بەدواداچوون بۆ چۆنیەتیی سەرفکردنی بڕی پێنج ملیۆن دۆلاری هاوکاریکردنی هەولێر وەک پایتەختی گەشتیاریی وڵاتانی عەرەبی کە ئەم لیژنەیە هەفتەی داهاتوو لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە هەولێر دەست بەکار دەبێت، بۆ ئەوەی بەدواداچوون بکەین و سەرەنجام بە ڕاپۆرتێک دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان ئاگادار دەکەینەوە بۆ وەرگرتنی ڕێوشوێنی پێویست".

لەمبارەوە پێشەوا هەورامانی ئەندام پەرلەمان لە لیژنەی ڕۆشنبیری و وەرزش و کۆمەڵگەی مەدەنی گوتی: "بەپێی ئەو بەدواداچوونەی کە لیژنەکەمان لەسەر چۆنیەتیی سەرفکردنی ئەو ٢٠ ملیار دینارەی سلێمانی وەک پایتەختی ڕۆشنبیری کردوومانە، زۆر پێشێلکاری ئاشکرا و بەهەدردانی پارەی تێدایە، پارە بەناوی خەڵکەوە وەرگیراوە بەبێ ئەوەی ئەو کەسانە ئاگادار بن، چەندین جار بۆ یەک بەرهەمی هونەری پارە سەرف کراوە و خەڵک لەمبارەوە بەڵگەیان بۆ ناردووین، بۆ وێنە بەڵگەمان لایە دە کەس ٢٠ ملیۆن بەناویانەوە وەرگیراوە بەبێ ئەوە هیچ ئاگادارییەکیان لێی هەبێت".

ئاماژەی بەوەش کرد: "بەشێکی ئەو پارەیەی کە خەرج کراوە هیچ پەیوەندییەکی بە ژێرخانی بنیاتنانی ڕۆشنبیری و کولتووری سلێمانییەوە نەبووە ، هەندێ بۆ بواری وەرزش خەرج کراوە، هەندێکی دراوەتە چەند کۆمپانیایەک کە کاریان بازرگانییە و نابێ بە پارەی حکوومەت ئاوا بە ئاشکرا هاوکاری بکرێن، چونکە زیاتر لە یەک ملیۆن دۆلار تەنیا بۆ یەک کۆمپانیا تەرخان کراوە و لیژنەکەی ئێمە لەم باباتەدا بێ ئەنجام نەبووە و ئەندامان بەبێ هیچ دوودڵییەک کاریان کردووە و کار و ئەرکی خۆمان بەجێ گەیاندووە و ڕادەستی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی دەکەین و داوامان لە لایەنە پەیوەندیدارکان کردووە کە لەمبارەوە بەرپرسن، بێنە سەر خەت و ئێمە بەڵگەکان دەخەینە بەردەستیان".









باسنيوز
Top