ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکانی بە جینۆساید ناساند

ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکانی بە جینۆساید ناساند
ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا کە لە 435 ئەندام پێکهاتووە بە 223 دەنگ بەرامبەر بە 191 دەنگی دژ، پرۆژە یاسای کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکانی پەسەندکرد.

رەوەندی ئەرمەنەکان یەکێکە لەو رەوەندانەی کە لۆبی بەهێزیان لەنێو ئەمریکادا هەیە و بە پەسەندکردنی پرۆژە یاسای کۆمەڵکوژییان، سەرکەوتنێكی بەرچاو بۆ ئەرمەنەکان تۆماردەکرێت لەبەرامبەر شکستێک بۆ تورکیا کە بە هێرشێک بۆ سەر مێژووی سەردەمی دەوڵەتە عوسمانییەکەی دەگەڕێتەوە.

پرۆسەی کۆمەڵکوژیی ئەرمەنەکان لە ساڵی 1915 تاوەکو 1923 لەلایەن ئیمپراتۆریەتی عوسمانی ئەنجامدرا و تێیدا یەک ملیۆن و 500 هەزار ئەرمەنی کوژران.

تاوەکو ئێستاش 39 حکومەت و پەرلەمان کۆمەڵکوژیی ئەرمەنەکانیان بە "جینۆساید" ناساندووە و "گرنگترین" ناساندنیش لەلایەن یەکێتی ئەوروپاوە بوو، ئەو هەنگاوە کێشەیەکی دیپلۆماسی گەورەی لە نێوان تورکیا و یەکێتی ئەوروپا دروستکرد.

کۆمەڵێک رێکخراوی جیهانییش کۆمەڵکوژیی ئەرمەنەکانیان وەک "جینۆساید" ناساندووە وەک: نەتەوە یەکگرتووەکان، پەرلەمانی ئەوروپا، ئەنجوومەنی ئەوروپا، ئەنجوومەنی کەنیسەی جیهانی و رێکخراوی مافی مرۆڤ.

لەسەر ئاستی کەسایەتییەکانیش، لە ساڵی 2007 دا 35 کەسایەتی براوەی خەڵاتی نۆبڵ، پێکەوە یاداشتێکیان واژۆکرد و کۆمەڵکوژییەکەیان بە "جینۆساید" ناساند.

پرۆسەی کۆمەڵکوژیی ئەرمەنەکان لەنێوان ساڵانی 1915 بۆ 1923 لەلایەن ئیمپراتۆرییەتی عوسمانییەوە ئەنجامدرا و ملیۆنێک و 500 هەزار کەسی تێدا کوژران.
Top