کاروانی هاوبەشی رووسیا و تورکیا لەسەر سنووری رۆژئاوا دەستپێدەکات
پۆلیسی رووسیا لە شاری قامیشلۆ لە رۆژئاوای کوردستانەوە بەڕێکەوتبوون بەرەو سنوور، پاش کۆبوونەوەیان لەگەڵ هێزە تورکیەکان، بڕیاریاندا بگەڕێنەوە قامیشلۆ و رۆژی دواتر دەست بە کاروانی هاوبەش بکەن.
کاروانە هاوبەشەکە بەشێکە لە جێبەجێکردنی خاڵێکی رێکەوتننامەی سۆچی لەنێوان رووسیا و تورکیا کە تێیدا هاتووە ئەو دوو هێزە پێکەوە بە مەودای 10 کیلۆمەتر لە ناوچەکانی دەرەوەی ئۆپەراسیۆنی "کانیاوی ئاشتی" چالاک دەبن، ئەوەش بۆ دڵنیابوونەوە لە رێگریکردن لە دزەکردنی هێزە کوردییەکان لەو ناوچانە.
ئێوارەی ئەمڕۆ رووسیا رایگەیاند کە هێزەکانی هەسەدە بەر لە وادەی دیاریکراوی خۆی بە مەودای 32 کیلۆمەتر لە سنووری نێوان رۆژئاوا و تورکیا کشاونەتەوە، بەڵام ئەنقەرە دەڵیت، تاوەکو هێزەکانیان دەست بە گەڕانی هاوبەش نەکەن ناتوانن دڵنیاببنەوە کە هێزە کوردییەکان ئەو ناوچانەیان جێهێشتووە.
