مەزڵوم کۆبانی: سیخوڕەکەمان توانی نموونەی خوێن و جلی ژێرەوەی بەغدادیمان بۆ بهێنێت
فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکراتی (هەسەدە) باس لەوە دەکات، کە توانیویانە سیخوڕێک لە نزیک خەلیفەی رێکخراوی تیرۆریستی داعش دابنێن.
مەزڵوم کۆبانی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە بە کەناڵی (NBC)ی ئەمریکی راگەیاندووە، دەزگای هەواڵگریی هەسەدە زانیاریی وردی لەبارەی شوێن و جوڵەی ئەبوبەکر بەغدادی، خەلیفەی داعش، کە لە نزیک سنووری تورکیا بووە، داوەتە ئەمریکییەکان.
مەزڵوم کۆبانی هەروەها رایگەیاندووە، سیخوڕێکیان لەناو کەسانی نزیک لە ئەبوبەکر بەغدادی دانابوو و ئەو توانی نموونەی خوێن و جی ژێرەوەی بەغدادی بگەیەنێتە هەسەدە و دواتریش ئەمریکییەکان لێکۆڵینەوەیان کردووە و دڵنیابوونە، کە ئەو کەسە بەغدادی خۆیەتی.
فەرماندەی گشتیی هەسەدە ئاماژەی بەوەش کردووە، کە سیخوڕەکە شوێنی مانەوە و ژمارەی چەکدارەکانی نزیک لە خەلیفەی داعشی گەیاندووەتە هەسەدە و ئەوانیش ئەو زانیارییانەیان بە ئەمریکییەکان داوە، کە بوونە هۆی کوژرانی بەغدادی.
بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە 27-10-2019 لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتدا، تیمێکی یەکەیەکی سەربازیی تایبەتی ئەمریکی بەناوی (دەلتا فۆرس)، ئەبوبەکر بەغدادی، خەلیفەی داعشی لە شاری ئیدلیب لە باکووری رۆژئاوای سووریا، کوشت.
باسنيوز
