مەزڵووم کۆبانێ: ئامادەین لایەنە کوردییەکانی رۆژئاوا لە یەکدی نزیکبکەینەوە
مەزڵووم کۆبانێ، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی توویتەر نووسیویەتی "ئامادەین بە گێڕانی رۆڵی نیشتمانی خۆمان بۆ لەیەکدی نزیککردنەوەی بۆچوونی تەواوی لایەنە نیشتمانییە کوردییەکانی رۆژئاوا بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بنەماکانی یەکێتیی نیشتمانی و گەیشتن بە هەڵوێستێکی هاوبەش بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە چارەنووسسازەی گەلەکەمانی تێدایە".
مەزڵووم کۆبانێ، بە هەردوو زمانی عەرەبی و کوردی توویتەکەی کردووە.
پێشتر چەند جارێک بە نێوەندگیری سەرۆک بارزانی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی کورد لە سووریا - ئەنەکەسە و بزووتنەوەی جڤاتی دیموکراتیک سێ رێککەوتنیان واژۆ کرد، بەڵام جێبەجێ نەکراوە.
رێککەوتنەکانیش بریتیبوون لە رێککەوتنی "هەولێر یەک" لە ساڵی 2012، "هەولێر دوو" لە ساڵی 2013 و کۆتا رێککەوتنیش لە ساڵی 2014 بەناوی رێککەوتننامەی دهۆک لە پارێزگای دهۆک واژۆکرا.
بەپێی رێککەوتنی رووسیا و تورکیا، پێویستە هەسەدە هێزەکانیان بە قووڵایی 32 کیلۆمەتر بکشێننەوە و تورکیا و رووسیاش لەقوڵایی 10کم لەناو خاکی سووریا دەوریەی هاوبەش ئەنجامبدەن، یەک لە 23-10-2019 یەکەم دەوریەی رووسیا دەستی بەکارەکانی کرد.
دوای هێرشی تورکیا و گرووپە چەکداریەکانی بۆ سەر رۆژئاڤای کوردستان و شەڕ لەگەڵ شەرڤانانی هەسەدە بۆ ماوەی نۆ رۆژ، لە 17-10-2019 ئاگربەستێکی 120 کاژێری لە ئەنجامی کۆبوونەوەی ئەنقەرە و واشنتن راگەیێندرا.
دواتر بەرپرسانی باڵای تورکیا 22-10-2019 لە سۆچی رووسیادا لەگەڵ بەرپرسانی مۆسکۆ گەیشتنە رێککەوتن و 150 کاژێرێکی دیکەیان وەک ئاگربەست راگەیاند، کە یەکێک لە مەرجەکان کشانەوەی هەسەدەیە لەم ناوچەیەدا و دەستپیکردنی گەڕانی هاوبەشی تورکیا و رووسیایە.
