مەزڵووم کۆبانێ: گوتەبێژی داعش لە نزیک جەرابلووس کوژرا
مەزڵووم کۆبانێ لە توویتێکدا دەڵێت، ئۆپەراسیۆنەکەی پێشوو دژی بەرپرسانی داعش درێژەی پێدرا و لەو چوارچێوەیەشدا ئەبو حەسەن موهاجر، دەستەڕاستی ئەبوبەکر بەغدادی و گوتەبێژی رێکخراوی داعش لە گوندێکی نزیک جەرابلوس کوژرا.
کۆبانێ دەڵێت، ئۆپەراسیۆنەکە لەسەر بنچینەی هاوئاهەنگی هاوبەش لەنێوان هەواڵگری هەسەدە و سوپای ئەمریکا ئەنجامدراوە.
فەرماندەی گشتیی هەسەدە لە توویتێکی دیکەدا ئاماژە بەوە دەکات، هاوئاهەنگییەکانی نێوان هەسەدە و سوپای ئەمریکا بۆ چاودێریکردن و بەئامانجکردنی سەرکردەکانی داعش بەردەوامە و بە باشی بەڕێوەدەچن و زووش ئۆپەراسیۆنی دیکەی کاریگەر ئەنجام دەدرێن.
مەزڵووم کۆبانێ لەبارەی ئۆپەراسیۆنی تایبەت بە کوشتنی بەغدادیش رایگەیاند، ماوەی پێنج مانگ هاوئاهەنگی هەواڵگری و چاودێریکردن هەبووە، تاوەکو دواجار ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەش بۆ کوشتنی خەلیفەکەی داعش ئەنجام درا.
ئەمڕۆ (یەکشەممە 27-10-2019) دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە فەرمی کوشتنی ئەبووبەکر بەغدادی، خەلیفەی داعشی راگەیاند و گوتی، بەغدادی لە ئۆپەراسیۆنێکی دوو کاژێریدا لەگەڵ سێ لە منداڵەکانی و چەند چەکدارێکی دیکەی داعش لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا کوژراوە.
