وەزارەتى خوێندنى باڵا ڕێنماییەکانى خوێندنى ماستەر و دکتۆراى ڕاگەیاند
لە ڕاگەیەندراوێکدا کەلە ماڵپەڕی فەرمیی وەزارەتی خوێندنی باڵا بڵاو کراوەتەوە، هاتووە: "دواى ئەوەى لە کۆبونەوەى ژمارە (٥)ى ئەنجومەنى وەزارەتەکەمان، کە لە ڕێکەوتى (١/١٠/٢٠١٩) و (٦/١٠/٢٠١٩) بەڕێوە چوو و تێیدا ڕێنماییەکانى خوێندنى باڵا/ ماستەر و دکتۆراى بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠١٩-٢٠٢٠) لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان پەسەند کرد، ئەمڕۆ یەکشەمە ڕێکەوتى (٢٧/١٠/٢٠١٩) د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دەقى ڕێنماییەکانى ئیمزا کرد".
لەو چوارچێوەیەدا ڕێنمایی ژمارە (٥) کە بە ئیمزاى د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دەرچووە، تایبەتە بەخوێندنى باڵا/ ماستەر لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان و، وەرگرتنى خوازیاران بەپێى ئەو ڕێنماییە دەبێت.
بۆ خوێندنەوەى دەقى ڕێنمایی خوێندنى باڵا/
بە هەمان شێوەش ڕێنمایى ژمارە (٦) کە بە ئیمزاى د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دەرچووە، تایبەتە بەخوێندنى باڵا/ دکتۆرا لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان و، وەرگرتنى خوازیاران بەپێى ئەو ڕێنماییانە دەبێت.
بۆ خوێندنەوەى دەقى ڕێنمایی خوێندنى باڵا/
لەو بارەیەوە د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕای گەیاند: لە ڕێنماییەکانى ئەمساڵى خوێندنى ماستەر و دکتۆرا گۆڕانکارى بنەڕەتى لە مەرجەکانى پێشکەشکردن، توانستى زمان، تەمەن، پلان و کورسى خوێندن كراوه، بەشێوەیەک ههوڵمانداوه دەرفەتی زیاترى خوێندنی باڵا بۆ دەرچوانی زانکۆکانمان له ناوخۆی وڵات بڕەخسێنین بۆ ئەوەی بتوانن کاتەکانتان بەکار بهێنن بۆ گەشەپێدانی توانای زانستی و ئەکادیمییان".
وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئهوهشی ڕاگەیاند: "دەمانەوێت دەرفەتی زیاتری خوێندنی باڵا بۆ دەرچوانی زانکۆکانمان بڕەخسێنین بۆ ئەوەی بتوانن پلانەکانمان ڕێگر بێت لە چونە دەرەوەى سامانى نیشتیمانى وڵاتەکەمان".
د. ئارام محمد قادر گوتیشى: "بە ڕەخساندنى دەرفەتى خوێندنى باڵاى ماستەر و دکتۆرا، زۆرترین دەرفەت بۆ خوازیاران لەڕێگەى پلانەکانى ماستەرو دکتۆرا دەستەبەر دەکەین، بەم شێوەیەش هەموومان پێکەوە دەتوانین کار بۆ بنیادنانی ئابوورییەکی سەقامگیر و گەشەکرد و بۆ هەرێمەکەمان بکەین".
واش بڕیاره، لە ئایندەییەکى نزیکدا وەزارەتەکەمان بەنوسراوى فەرمى داواى پلان لە زانکۆکان بکات، دواى ناردنى پلانەکان و پەسەندکردنیان، وهزارهت ماوەى پێشکەشکردن و كاتی تاقیکردنەوەى توانستى زانستى و ڕاگەیاندنى ئەنجامەکان و دەستپێکردنى خوێندنى ئەکادیمى ڕادەگەیەنێت.
باسنيوز
