لەبارەی دۆسیەکەی ئامانج بابانی پۆلیسی سلێمانی وتە لە بەڕێوەبەری کارگێڕیی NRT وەردەگرێ

لەبارەی دۆسیەکەی ئامانج بابانی پۆلیسی سلێمانی وتە لە بەڕێوەبەری کارگێڕیی NRT وەردەگرێ
لەبارەی دۆسیەی کوژرانی ئامانج بابانی و هاوسەر و منداڵەکانی، پۆلیسی سلێمانی بەڕێوەبەری کارگێڕیی کەناڵی (ئێن ئاڕ تی) بانگ دەکات و وتەی لێ وەردەگرێت.

بەپێی زانیارییەکان کە لە بەرپرسێکی نێو کەناڵەکەوە دەستی کەوتووە، بەهۆی ئەوەی ئامانج بابانی لە ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩دا و پێش ڕووداوەکە، مووچەی وەرگرتووە و لەگەڵ بەڕێوەبەری کارگێڕیی (ئێن ئاڕتی) گفتوگۆی کردووە، پۆلیسی سلێمانی بەڕێوەبەرەکەی کەناڵەکەی بانگهێشت کردووە.

لە ناوەڕۆکی ئەو وتانەی لە بەڕێوەبەرەکەی (ئێن ئاڕتی)دا، پرسیار لەبارەی دۆخی دەروونی و چۆنیەتیی مامەڵەکردنی ئامانج بابانی لە کاتی وەرگرتنی مووچەکەی کراوە.

ئەو سەرچاوەیەی (باسنیوز) ئاشکرای کرد کە بانگهێشتنی بەڕێوەبەری کارگێڕیی (ئێن ئاڕتی) پەیوەندی بە هیچ سکاڵایەکەوە نییە، بەڵکوو تەنیا وتە وەرگرتن بووە.

ئێوارەی ڕۆژی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ و لە کاتێکدا خەڵکی کوردستان بە گەرمی باسیان لە ساڵڕۆژی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر دەکرد، لەپڕ هەواڵی تیرۆرکردنی ئامانج بابانی و هاوسەر و منداڵەکەی لە کەناڵی (ئێن ئاڕتی)یەوە بڵاوکرایەوە کە ئامانج بابانی کاری تێدا دەکرد.

دوای درووستبوونی کاردانەوەی توندی ڕای گشتی بەرامبەر بە هەواڵی کوژرانیان، بەرپرسانی پۆلیس و ئاسایشی سلێمانی پرێس کۆنفرانسێکیان ئەنجام دا و بە خستنەڕووی چەند بەڵگە و وێنەیەک کە بەپێی قسەی بەرپرسە ئەمنییەکان، ئەم بەڵگە و وێنانە دەیسەلمێنن کە ڕووداوەکە خۆکوژی بووە.

لەلایەکی دیکەوە بەیانیی ڕۆژی شەممە ١٩ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩، راگەیاندراوێک بە ناوی ماڵباتی لانە محەمەدی هاوسەری ئامانج بابانییەوە بڵاو کرایەوە و ئەو ماڵباتە ڕەخنەی توندیان لە کەناڵەکە گرت و بەوە تۆمەتباریان کرد کە “لەسەر حیسابی ژانی ئێمە، وەبەرهێنانی پۆخڵ لەم کەیسەدا دەکات” و ئاماژەیان بەوە کرد کە ڕووداوەکە بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە بووە و ئامانج بابانیشیان بە بکوژی هاوسەر و منداڵەکەی و خۆی وەسف کرد.

ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ٢٠ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ش، باوکی ئامانج بابانی لە ڕێگەی (باسنیوز)ەوە ڕەتی کردەوە کە کوڕەکەی بکوژی هاوسەر و منداڵەکەی بێت و هیوای خواست لە ئایندەدا حەقیقەتی ڕووداوەکە ئاشکرا ببێت.

ئێستا ئەو کەسانەی کە لە هەرێمی کوردستاندا بایەخ بەم دۆسیەیە دەدەن، بوونەتە دوو بەرە، بەشێکی بەرچاویان لە ڕێگەی خستنەڕووی چەندان پرسیارەوە، ڕەتی دەکەنەوە رووداوەکە خۆکوژی بێت، بەشێکیشیان بە پشتبەستن بە قسەکانی دەزگا ئەمنییەکانی سلێمانی و خانەوادەی لانە محەمەدی، پێیانوایە ئامانج بابانی بکوژی خۆی و هاوسەر و منداڵەکەیەتی.









باسنیوز


Top