دوایین زانیاری لەبارەی كۆبوونەوەكانی لیستی هاوپەیمانیی كوردستانی
ئەمڕۆ یەكشەممە 27/10/2019، محەمەد سەلیم، بەرپرسی مەكتەبی هەڵبژاردنی مەڵبەندی كەركووكی كۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان، ڕایگەیاند: "دوایین كۆبوونەوەی هێز و لایەنە سیاسییەكانی بەشدار لە هاوپەیمانیی كوردستانی دوێنێ شەممە ئەنجام درا، بەرنامەی هەڵبژاردنی لیستی هاوپەیمانیمان تەواو كرد، ئەوەی كە ماوەتەوە ناوی كاندیدەكانە و كۆتا رۆژیش بۆ پێشكەشكردنی ناوی كاندیدەكان بە كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكان 5/11/2019 دانراوە".
روونیشی كردەوە: "رێككەوتنی باش كرا بۆ دانانی ناوی كاندیدەكان و لایەنە سیاسییەكان كاندیدیان دەبێ و بنەمایەكی تریش بۆ ئەو مەبەستە دانراوە كە لەسەر بناخەی هەڵبژاردنی 2014 هەر هێز و لایەنێكی سیاسی سەنگی زیاتر بێت، كاندیدی زیاتر دادەنێ و زۆرینەی لایەنە سیاسییەكان تەنیا یەك كاندیدیان دەبێت و هەندێك لایەنی سیاسیش هەر كاندیدیان نابێت، بەڵكوو هەر پێیان خۆش بووە بەشدار بن لەو لیستەدا و ببنە پاڵپشت و پرۆسەكە هەموو كارەكانی لە كۆتاییدایە و هەنگاوی باشی بڕیوە و كۆبوونەوەكانیش لە تەواوبوندان و لە كۆبوونەوەی داهاتووشدا بەرنامە دادەنرێت بۆ چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی پرۆسەكە و لە رێكخستنی كاری راگەیاندن بۆ سەرخستنی لیستەكە".
لیستی هاوپەیمانیی كوردستانی بە بەشداریی نزیکەی 30 لایەنی سیاسی لە هەرێمی کوردستان و پێکهاتەکانی تورکمان و عەرەب بە سەرۆكایەتیی عەبدولڕەحمان مستەفا لە پارێزگاكانی (نەینەوا، كەركووك و دیالە) بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق كە بڕیارە لە 1ی نیسانی داهاتوودا بەڕێوە بچێت، پێكهێندرا.
باسنیوز
