پەروین بوڵدان: بەدڵنیاییەوە وەڵاممان بۆ جەهەپە دەبێت
پەروین بوڵدان هاوسەرۆكی هەدەپە، وەكوو هەڕەشە و رەخنەیەك لە جەهەپە كە بێدەنگن بەرامبەر بەو ناعەدالەتییەی بەرامبەر هەدەپە لە توركیا دەکرێت، دەڵێت "ئێمە بۆ ئەوەی توركیا بەرەو دیموكراتی بچێت، رێككەوتنێكی گەورەمان لەگەڵتاندا كرد، جگە لە ئیستەنبۆڵ لە چەند شوێنێكیتر كاندیدمان بۆ سەرۆكی شارەوانی نەبوو و پشتگیریی ئێوەمان كرد، بەڵام بەدڵنیاییەوە وەڵاممان بۆ ئەو بێدەنگیەتان دەبێت".
لەبارەی بایكۆتكردنی پەرلەمانی توركیا بۆ ماوەی سێ رۆژ لەلایەن هەدەپەوە، پەروین بوڵدان لە پرێس کۆنفرانسێکدا و رەخنەی توندی لە جەهەپە گرت.
بوڵدان ئاماژەی دا: "ئەوان تەنیا لەبەر بەرژەوەندیی كورد نەبووە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی ٣١ی٣ی رێككەوتنیان لەگەڵ جەهەپە كردووە ٢٠١٩، بەڵكوو بۆ ئەوەی دەرگای یاسایی بكرێتەوە بۆ تەواوی توركیا پشتگیرییان لە كاندیدەکانی جەهەپە كردووە".
هاوسەرۆکی هەدەپە گوتیشی: "لە زۆرێك لە شارە كوردییەكان، تەنیا لەبەر ئەوەی كوردن چەندین سەرۆك شارەوانیی سەر بە هەدەپە دوور خراونەتەوە، بەڵام جەهەپە دەنگی لێوە نەهاتووە، بەیانی ئەگەر هەمان شت بەسەر ئەوانیش لە شارەكانی رۆژئاوای توركیا بکرێت، ئەوكات كوردیش ئەو رۆژانەیان دێتەوە بیر كە سەرۆك شارەوانییەكانیان دور خرانەوە و ئۆپۆزسیۆن بێدەنگ بوو و لەسەریان نەهاتە وەڵام".
بوڵدان لە بەشێكی تری قسەكانیدا گوتی: "ئەوان وەكوو هەدەپە پەشیمان نین لەوەی لە ٣١ی٣ی٢٠١٩ لە شارە رۆژئاواییەكان پشتگیریان لە كاندیدی جەهەپە كردووە، چونكە ئەوان وەبەرهێنانیان بۆ داهاتوو كردووە و ویستوویانە توركیا زیاتر بەرەو دیموكراتی بڕوات".
هەڕەشەشی لە جەهەپە كرد، كە ئەو بێدەنگییەیان بەرامبەر بەو ناعەدالەتییەی بەرامبەر بە كورد لە توركیا دەكرێت، بەدڵنیاییەوە رۆژێك دێت وەڵامەكەی لە لایەن هەدەپەوە وەردەگرنەوە.
باسنیوز
