دلاوەر خالید ئاژگەیی لەگەڵ لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی بەلجیکا کۆ بووەوە
لە دەستپێکی دانیشتنەکەدا، بەرپرسی لێژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە بەگەرمی بەخێرهاتنی شاندی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کرد و دەرفەتی بە نوێنەری حکوومەت دا، بارودۆخی ناوچەکە و تێڕوانین و داواکارییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەندامانی کۆمیتە شی بکاتەوە.
د. دلاوەر خالید ئاژگەیی لە وتەیەکدا، بە تێروتەسەلی بارودۆخی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە و کاریگەرعی قەیرانەکانی سووریا و عێراق و ناوچەکە و هەڵوێست و تێروانینی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ ڕووداوەکان شی کردەوە و بەوردی باسی لە کاریگەرییە نەرێنییەکانی لەسەر هەرێمی کوردستان کرد و نیگەرانیی هەرێمی کوردستانی لە ڕووی ئەمنی و ئابووری و سەقامگیرییەوە گەیاندە پەرلەمانی بەلجیکا.
پرسی هاتنی پەنابەران بەشێکی تری دانیشتنەکە بوو، کە تێیدا نوێنەری حکوومەتی هەرێم باسی لە هاتنی شەپۆلێکی تری پەنابەران بۆ هەرێمی کوردستان کرد و ڕایگەیاند، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بریارێکدا سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێمی ڕاسپاردووە بۆ ئامادەکاری لە کاتی هاتنی پەنابەران و دەرگا و دڵی خەڵکی کوردستان بە ڕووی ئەو پەنابەرانەدا هەروەکو پێشوو کراوەیە. بۆ ئەم مەبەستەش حکوومەتی هەرێمی کوردستان پرۆگرامێکی ئامادەکاریی تۆکمە و زانستیی ئامادە کردووە. هەر لەو بارەیەوە، نوێنەری حکوومەت ئاماژەی بە دواین بریاری پەرلەمانی ئەوروپا دا، کە داوا لە وڵاتانی ئەندام و دامەزرەوەکانی یەکێتیی ئەوروپا دەکا هاوکاریی زیاتری هەرێمی کوردستان بکەن و لەو چوارچێوەیەشدا گرنگە حکوومەتی بەلجیکا وەکوو پێشتر هاوکاریی هەرێمی کوردستان بکات.
پێکهێنانی گرووپی دۆستانی کوردستان لە پەرلەمانی بەلجیکا و وەڕێخستنی پەیوەندیی دوولایەنە لەگەڵ پەرلەمانی کوردستان و چەند بابەتێکی دوولایەنە، تەوەرێکی تری دانیشتنەکە بوون.
لە کۆتاییی دانیشتنەکەدا، د. دلاوەرخالید ئاژگەیی، وەڵامی پرسیاری پەرلەمانتارانی دایەوە، کە سەبارەت بە بارودۆخی ناوچەکە و پێشهاتەکان ئاراستەیان کرد.
لێژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی بەلجیکاش دەستخۆشی لە ڕۆڵی هەرێمی کوردستان کرد لە دابینکردنی سەقامگیری و ئاسایش و لەخۆگرتنی ژمارەیەکی زۆری ئاوارە و پەنابەران و بەڵینی گەیاندنی پەیام و داواکارییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بە حکومەتی بەلجیکا دا و بریاریان دا، کە هاوکاری هەرێمی کوردستان دەبن و کار دەکەن بۆ ئەوەی لە ئایندەیەکی نزیکدا سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن.
بەلجیکا ئەندامی کارای یەکێتیی ئەوروپا و ناتۆیە و ئێستا ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانە و پەیوەندیی بەهێزی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە و لە شەڕی داعشدا هاوکاریی سەربازیی هەرێمی کوردستانی کردووە و بە فرۆکەی F-16 و مەشق و ڕاهێنانی هێزەکانی پێشمەرگە و ناردنی نەخۆشخانەی مۆبایل بەشداریی لە شەڕی دژی داعش کردووە و چەندین برینداری پێشمەرگەی لە بەلجیکا چارەسەر کردووە.
