لە کفری چەکدارانی گرووپی ئاڵا سپییەکە شوانکارێکیان شەهید کرد

لە کفری چەکدارانی گرووپی ئاڵا سپییەکە شوانکارێکیان شەهید کرد
سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە ٢٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩، لە شارەدێی زنانەی سەر بە شاری کفری، کوڕی ئەندامێکی کۆمیتەی زنانەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەلایەن دوو چەکداری گرووپی ئاڵا سپییەکانەوە لە نێوان ھەردوو گوندی بەلەگە ـ دوڕاجی شەھید کرا.

جەمال ساڵح، بەڕێوەبەری شارەدێی زنانە ڕايگەیاند، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ، سێ شوان لەکاتی لەوەڕاندنی ئاژەڵەکانیاندا لەنێوان ھەردوو گوندی بەلەگە ـ دوڕاجی، ٢ چەکداری گرووپی ئاڵا سپییەکانیان لێ پەیدا دەبێت و داوای مۆبایلەکانیان لێدەکەن، دووان لە شوانەکان مۆبایلەکانیان ڕادەست کردوون، بەڵام یەکێکیان ڕەتی کردووەتەوە مۆبایلیان پێ بدات، بۆیە ھەر لەوێدا شەھیدیان کردووە.

ڕوونیشی کردەوە، شوانە شەھید کراوە، ناوی کرمانج شێرکۆ یاسینە، باوکی ئەندامی کۆمیتەی شارەدێی زنانەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە.

جەختیشی کردەوە کە دوو شوانکارەکەی دیکە سەلامەتن و هیچ ئازارێکیان پێ نەگەیشتووە، چەکدارەکانیش بۆ شوێنێکی نادیار هەڵاتوون.












باسنيوز
Top