عوسمان بانیمارانی: رەنگە دوو بەرپرسەکەی پەکەکە جی پی ئێسیان لەناو لەشدا دانرابێت

عوسمان بانیمارانی: رەنگە دوو بەرپرسەکەی پەکەکە جی پی ئێسیان لەناو لەشدا دانرابێت
سەرکردەیەکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان نهێنییەک لەبارەی چۆنیەتیی هێرشەکەی تورکیا لە چیای ئەزمەڕ ئاشکرا دەکات و باس لە بوونی (جی پی ئێس) لەنێو لەشی ئەو بەرپرسانەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەکات کە لە ئەزمەڕ کرانە ئامانج.

عوسمان بانیمارانی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی ڕایگەیاند، پاراستنی ئاسمانی سلێمانی لەژێر کۆنتڕۆڵی حکوومەتی عێراقە، ئەو هێرشەی کە لە چیای ئەزمەڕ ئەنجام دراوە، لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە بووە، بۆیە ”یەکێتی ناتوانێت بەرپرسیاریەتیی ئاسمان هەڵبگرێت“.

هەندێک زانیاری باس لەوە دەکەن، هەرچەندە لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیشەوە هێرشەکە ئەنجام درابێت، دەبێت کەسانێک زانیارییان بە تورکیا دابێت، بەتایبەتیش پاش ئەوەی د. فایەق گوڵپی، سیاسەتمەداری نزیک لە پەکەکە گوتی کە کادیرانی پەکەکە دوای تێپەڕبوونیان بە بازگەکانی یەکێتیدا، لەلایەن تورکیاوە دەکرێنە ئامانج. تەنانەت پەیمان عەبدولکەریم، ئەندامی جڤاتی گشتیی گۆڕان گوتی: ”ئەو کەسانەی لە ئەزمەڕ کرانە ئامانج، ٨ کاتژمێر چاودێری کراون و هێرشەکە لە سنووری یەکێتی بووە و یەکێتیش لێی بەرپرسیارە“.

لە بەرامبەردا عوسمان بانیمارانی دەڵێت: ”ئێستا دونیا پێشکەوتووە، ئەوەی کراوە لەرێگای (جی پی ئێس)ەوە بووە، ئەمە یەکەمجار نییە، دەیان جار لە قەندیل و لە کورتەک ئەمە ڕووی داوە، رەنگە بەنھێنی ھاتبنە ئەزمەڕ و جی پی ئێسیشیان پێوە بووبێت. رەنگە لەناو لەشیاندا جی پی ئێس دانرابێت“.

ئەو سەرکردەیەی یەکێتی پێیوایە، دەبێت ڕووداوەکە شەرمەزار بکرێت، بەڵام ”بەھۆی هەڵەیەکەوە پەیوەندیمان لەگەڵ پەکەکە تێک ناچێت“.

ئێوارەی ڕۆژی ١٥ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩، هەریەک لە دەمهات عەگید و جەمیل بایک کە بەرپرسیارێتیی جیاوازیان لەنێو پەکەکەدا هەبووە، لەلایەن فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا و لە چیای ئەزمەڕ لە سنووری شاری سلێمانی، کرانە ئامانج.








باسنیوز
Top