چه‌ند ڕێنماییه‌ك بۆ شۆفێران بڵاو ده‌كرێنه‌وه
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 24/10/2019، موقه‌ده‌م فازڵ حاجى، گوته‌بێژى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی هاتوچۆى هه‌ولێر له په‌یجى تایبه‌تیی خۆى، له تۆڕى كۆمه‌ڵایه‌تیی (فه‌یسبووك)، چه‌ند ڕێنماییهكى بڵاو كرده‌وه و ئاماژه‌ى به‌وه داوه، یه‌كه‌م بارانی پاییزه به‌ڕێوه‌یه، كه مه‌ترسیدارترینه بۆ شۆفیری، بۆیه ڕێنمایی شۆفیران ده‌كه‌ین كه پابه‌ندی ئه‌م خاڵانه بن:
1 - له‌كاتی یه‌كه‌م باران به خێراییه‌ك ئۆتۆمبێل لێ‌بخوڕن، كه كه‌متر بێت له خێرایی دیاریكراوی شه‌قامه‌كه، چونكه له‌گه‌ڵ یه‌كه‌م باران شه‌قامه‌كان وه‌كوو سابوونیان لێ دێت، هه‌روه‌ها ئه‌و پیسییه‌ی كه له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان به درێژایی وه‌رزی هاوین كۆ بووه‌ته‌وه، ده‌بێت به چینێك له‌نێوان تایه‌ی ئۆتۆمبێل و ڕووی شه‌قامه‌كان، به‌مه‌ش ستۆپكردن سه‌خت ده‌بێت، به‌تایبه‌تی له‌كاتی خێراییه زۆره‌كان.
2 - به‌رده‌وام له‌و كاتانه مه‌ودایه‌كی زیاتر له‌نێوان خۆت و ئَوتۆمبێلهكانی به‌رده‌متان بهێڵنه‌وه، كه زیاتر بێت له‌كاتی ئاسایی، چونكه له‌كاتی ستۆپكردنه لهناكاوهكان هه‌ڵخلیسكان ڕوو ده‌دات، به‌مه‌ش ئه‌گه‌ری پێكدادان په‌یدا ده‌بێت.
3 - گۆڕینی لاستیكی فڵچه‌كان، چونكه مانه‌وه‌ی لاستیكه‌كان به درێژایی هاوین به جامی ئۆتۆمبێله‌كانه‌وه بووه‌ته هۆی ڕه‌قبوونیان، كه ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی باش پاكنه‌كردنه‌وه‌ی جامه‌كان و كه‌مكردنه‌وه‌ی ئاستی بینین.
4 - دڵنیابوون له باش كاركردنی سیسته‌مه‌كانی ئۆتۆمبێل به‌ر له گه‌شته دووره‌كان، به تایبه‌تی سیسته‌می برێك و ستۆپ، چونكه زیاترین سیسته‌م كه له‌كاتی باراندا شۆفێران كاریان پێی ده‌بێت، سیسته‌مه‌كانى ستۆپ و برێكه.
5 - كه‌مكردنه‌وه‌ی خێرایی له‌به‌رده‌م مه‌ڵبه‌نده‌كانی خوێندن و ئه‌و شوێنانه‌ی كه پیاده‌ی زۆری لێیه، چونكه یه‌كه‌م باران جۆریك له شپرزه‌یی بۆ پیاده‌كانیش دروست ده‌كات و واده‌كات له‌كاتی په‌ڕینه‌وه ڕابكه‌ن به‌بی سه‌یركردنی شه‌قامه‌كان، كه ئه‌مه‌ش مه‌ترسیی ده‌خاته سه‌ر گیانیان.
باسنيوز
