دیندار زێباری: بۆ بونیادنانی کۆمەڵگایەکی یەکسان و دوور لە توندوتیژی هەنگاوی زۆرمان ناوە

دیندار زێباری: بۆ بونیادنانی کۆمەڵگایەکی یەکسان و دوور لە توندوتیژی هەنگاوی زۆرمان ناوە
لەمیانەی دانیشتنەکانی ڕێککەوتننامەی (سیداو) بۆ نەهێشتنی جیاكاریی دژی ئافرەتان لە جنێف رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە فەرمانگەی پەیوەدنییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، رای گەیاند بۆ بونیادنانی کۆمەڵگایەکی یەکسان و دوور لە توندوتیژی، هەناگوی زۆرمان ناوە.

رۆژی ٢١/١٠/٢٠١٩ لە بارەگای ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ لە جنێڤ خولی (٧٤)ی لیژنەی تایبەت بە رێککەوتننامەی نەهێشتنی جیاکاری دژی ئافرەتان (سیداو) بە ئامادەبوونی پسپۆڕ و شارەزایانی لیژنەی (سیداو) و نوێنەرانی وڵاتانی ئەندام لە رێککەوتننامەکە و نوێنەرانی کۆمەڵگەی مەدەنی و رێکخراوە ناحکوومییە پەیوەندیدارەکان بە بواری ئافرەتان بۆ گفتوگۆکردنی حەوتەمین راپۆرتی خولی عێراق بە ئامادەبوونی شاندێکی هەرێمی کوردستان دەستی بە کارەکانی کرد.

لەم بارەوە د. دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان و سەرۆکی شاندی هەرێم لە گفتوگۆکاندا گوتی: "لەم گفتوگۆیانەدا وتاری هەرێمی کوردستانمان پێشکەش کرد و تێیدا تیشکمان خستەر سەر ئەو پێشکەوتنانەی لە بواری پاراستنی مافەکانی ئافرەتان هاتوونەتە دی بەتایبەتی یاسای نەهێشتنی توندوتیژی خێزانی لە هەرێمی کوردستان ژمارە (٨) ی ساڵی 2011 و هەموارکردنەوەی چەندین یاسا و دەرکردنی رێنمایی تایبەت کە هەموویان لە بەرژەوەندیی ئافرەتاندان لەوانەش هەوڵەکان بۆ هەموارکردنەوەی یاسای نەهێشتنی توندوتیژی خێزانی، هەروەها یەکێک لە بابەتە گرنگەکان کە ئاماژەمان پێکرد رێژەی بەشداریکردنی ئافرەت بوو لە کایە سیاسییەکان وەک پەرلەمان و حکوومەت، بۆ یەکەمجارە لە عێراق و هەرێم لە دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان دوو ئافرەت هەیە ئەوانیش سەرۆک و سکرتێری پەرلەمان، هەروەها لە حکوومەتیشدا سێ ئافرەت پۆستی وەزیریان پێ سپێردراوە، لە لایەکی دیکەوە (30) دادوەری سزادان و (56) داواکاری گشتی و (31) دادوەری پێداچوونەوە و (94) لێکۆڵەری دادی و (289) یاریدەدەری لێکۆڵەری دادی لە هەرێمی کوردستان ئافرەتن، جگە لە مانە بە دەیان رێکخراو و دەزگای تایبەت بە بەرگری کردن لە ئافرەتان بوونیان هەیە.

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە میانەی گفتوگۆکاندا تیشکی خستە سەر رۆڵی ستراتیژیەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی پاراستنی مافی ئافرەتان گوتی: "حکوومەتی هەرێم لە ساڵی 2012 ستراتیژیەتی نیشتمانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان دانا کە بۆ ماوەی پێنج ساڵ بوو، دواتر لە ساڵی 2017 درێژکرایەوە تا ساڵی 2027 و ئامانجەکانی خۆی دەبینێتەوە لە :بواری یاسایی، پاراستن، خۆپارێزی و پەروەردەکردن، لەلایەکی دیکەوە کار کردنی بە یاسای سزادانی عێراقی ژمارە(٤٠٩) راگرت بەتایبەتی لە بواری کوشتنی ئافرەت، بۆ ئەم مەبەستەش چەندین کۆبوونەوە و وۆرکشۆپ ئەنجام دران لە قوتابخانە و زانکۆکانی هەرێم و هێڵی گەرم کرایەوە بۆ ئاگادارکردنەوەی دەزگا پەیوەندیدارەکان، هەروەها لەگەڵ پیاوانی ئایینی موسڵمان و کریستیان بۆ پێناسەکردنی توندوتیژی دژی ئافرەتان و وشیارکردنەوەی هاووڵاتیان دەربارەی مەترسییە جۆراوجۆرەکانی توندوتیژی و نەهێشتنی دیاردەی زوو بە شودان و خەتەنە کردنی کچان لەسەر کۆمەڵگا بەشێوەیەکی گشتی لە رێگای وتاری ئایینییەوە".

لەبارەی خزمەتگوزارییەکانی بواری تەندروستی کە پەیوەندییان بە ئافرەتانەوە هەیە، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان وتی: حکومەتی هەرێم ستراتیژیەتی تەندروستی دایک و منداڵی پەسەند کردووە لە رێگای پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان بەتایبەتی بۆ ئافرەتانی دووگیان بە خۆڕایی لە رێگای بنکە تەندروستییەکانەوە کە ژمارەیان (٢٣٨) بنکەیە، هەروەها لە رێگای (٧) نەخۆشخانەی تایبەت بە دایکان و لەدایکبوون و بەشەکانی لەدایکبوون لە نەخۆشخانە گشتییەکان و (٢٠) یەکەی تەندروستی، سەرەڕای دەیان نەخۆشخانەی کەرتی تایبەت، لەلایەکی دیکەوە چەندین سەنتەری تەندروستی کراونەتەوە بۆ نموونە (16) سەنتەری تایبەت بە وشیارکردنەوە دەربارەی هاوسەرگیری و ئەنجامدانی پشکنینی پێویست پێش هاوسەرگیری بەتایبەتی پشکنینەکانی هەوکردنی جگەر و تالاسیمیا و ئایدز چەند نەخۆشییەکی دیکە و (٣) سەنتەری ئاشکرا کردنی زووی شێرپەنجەی مەمک و (١٢) سەنتەری پزیشکی بۆ ئەو ئافرەتانەی رووبەڕووی توندوتیژی بوونەتەوە.

زێباری تیشکی خستە سەر بوونی ئافرەتانی کورد لە بواری راگەیاندن و پۆلیس و وتی : ئێستا لە کوردستان زیاتر لە (١٥٠٠) ئافرەت ئەندامی کار و بەشداری سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستانن، هەروەها (١٣) ئافرەت خاوەن ئیمتیاز و (١٧) سەرنووسەرن، و دوو ئافرەت بەرپرسی لقی دهۆک و خانەقینی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستانن، هەروەها لیژنەیەک لە ئەنجومەنی سەندیکا دامەزراوە بۆ داکۆکی کردن لە مافی ئافرەتانی رۆژنامەنووس، سەبارەت بە کەرتی پۆلیسیش لە میلاکی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پۆلیسی هەرێم (٨٨٢) ئافرەت هەیە لە ئەفسەر و کارمەند و فەرمانبەری و تەنیا لە میلاکی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەکانی (٢٥٢٢) ئافرەت هەیە، وێڕای هەزارانی دیکە لە ریزەکانی پێشمەرگە بە پلیەی جۆراوجۆر.

لە میانەی گفتوگۆکانی لیژنەی سیداو لە جنێڤ رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی باسی لە بواری پەروەردە کرد و وتی: لەو دوو بوارەدا حکومەتی هەرێم چەندین هەنگاوی ناوە بۆ رێگاگرتن لە دوورکەوتنەوەی ئافرەتان لە خوێندن لەوانە: نەهێشتنی نەخوێندەواری کە (55،4%) ئافرەتان سوودیان لێی بینیوە، خوێندنی خێرا کە تەنیا لە ساڵی ٢٠١٦ زیاتر لە (٢٥٠٦) ئافرەت لێی سوودمەندبوو، زیادبوونی ژمارەی قوتابخانەی تایبەت بە کچان، لە پێنج ساڵی رابردوو رێژەی کچان لە قۆناغەکانی خوێندن بەم شێوەیە بوو: باخچەی منداڵان (50%)، بنەڕەتی(47%)، ئامادەیی (51%)، پیشەیی (36%) ،پەیمانگا (31%) و خوێندنی خێرا (29%).، لە لایەکی دیکەوە ژمارەی مامۆستا و قوتابیانی رەگەزی مێینە بەم شێوەیە بوو: (922648) قوتابی واتە بە ڕێژەی (51.72%)ی کۆی قوتابیان و (73،769) مامۆستا بە رێژەی(57.70 %) ی کۆی مامۆستایان، هەروەها خولی شیاندن بۆ زیاتر لە (١٢٠٠٠) لە مامۆستا کراوەتەوە بۆ گەیاندنی کەلتووری یەکسانی جێندەری، لەلایەکی دیکە سەبارەت بە خوێندنی باڵا، ئێستا لە کوردستان (١٤) زانکۆی حکومی و دەیان زانکۆی ئەهلی هەیە کە رێژەی قوتابیان تێیاندا یەکسانە، هەروەها بەشێک لە راگر و سەرۆکی بەش ئافرەتانن کە لە ساڵی خوێندنی 2016-2017 بەم شێوەیە بوو: (10) راگر، (83) سەرۆکی بەش (2972) مامۆستا، (68099) قوتابی و (7714) فەرمانبەر.

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم سەبارەت بە رفاندنی ئافرەتانی ئێزیدی لەلایەن تیرۆیستانی داعشەوە وتی: ئەمە یەکێک بوو لە بابەتە گرنگەکانی نێو گفتوگۆکانی جنێڤ لەم رووەوە گشت هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانمان خستە روو بۆ رزگارکردنی ئەو رفێندراوانە لەوانە بڕیاری ژمارە(5170) ی ئەنجومەنی وەزیران لە رێکەوتی 21/8/2014 بۆ پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵا بە مەبەستی ناساندنی ئەو تاوانانەی دەرهەق بە کوردانی ئێزیدی ئەنجامدراون وەک جینۆساید و پێکهێنانی لیژنەیەکی تایبەت لە 25/11/2014 کە ئەرکی کۆکردنەوەی زانیاری و رزگارکردنی رفێندراوانە، بەپێ زانیارییەکانی نووسینگەی ئازاد کردنی رفێندراوان تا رۆژی 20/7/2019 ژمارەی رزگار کراوەکان بریتی بوو لە (3487)، لەوانە (1186)ئافرەت، (377) پیاو، (1024) منداڵی کچ، (940)منداڵی کوڕ و تا ئێستاش (2930)یان ئازاد نەکراون لەوانە (1338) مێ، (1592)نێر، هەروەها (100) رزگاربووی دیکە نێردراون بۆ وڵاتی ئەڵمانیا بە مەبەستی چارەسەر کردن بەپێی رێکەوتنێکی نێوان حکومەتی ئەڵمانیا و حکومەتی هەرێم.

لە بواری تەندروستیش حکومەتی هەرێمی خزمەتگوزاری جۆراروجۆری پێشکەش بە ئافرەتە ئاوارە و پەنابەرەکان کردووە بۆ نموونە لە ساڵی ٢٠١٤ەوە لە هەر کەمپێک یەکەیەکی تەندروستی داندراوە بۆ تەندروستی دایکایەتی و منداڵبوون و چارەسەرکردنی حاڵەتەکانی توندوتیژی و لەم رووەوە بە دەیان هەزار ئافرەتی دووگیان پشکنینیان بۆ کراوە، لەگەل پێشکەش کردنی خزمەتگوزاری پێویست بۆ منداڵانی تازە لە دایکبوو. لە رێکەوتی (22/8/2017) لەکەمپی حەسەن شام خانەیەکی تایبەت بۆ منداڵانی بێ دایک و باوک دامەزراوە بۆ چاودێری کردنی ئەو منداڵانەی لە ئەنجامی شەڕ دایک و باوکیان لە دەستداوە، ئەنجامدانی چەندین هەڵمەتی کوتانی دایکان و منداڵان بەپێی وەرز و تەمەن، چارەسەر کردنی زیاتر لە (١٢٧٨) کەس لە سەنتەری راوێژکاریی پارێزگای دهۆک، ئەمە سەرەڕای تۆمار کردنی کەیسی (٢٠٣٦) ئەو ئافرەتانەی لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە رووبەڕووی دەستدرێژی بوونەتەوە.











باسنيوز
Top