وڵاتێکی زلهێزی دیکەی جیهان هەڕەشە لە بەشێکی کوردستان دەکات
وڵاتێکی زلهێزی جیهان هەڕەشەیەکی مەترسیدار لە گەلی کوردستان دەکات.
ئەمڕۆ چوارشەممە 23-10-2019، دیمیتری بیسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا (کرملین)، رایگەیاندووە، ئەمریکا پشتی لە رۆژئاوای کوردستان کرد و ”خیانەتی کرد“.
دیمیتری بیسکۆڤ هەڕەشەی لە هێزەکانی سووریای دیموکراتی (هەسەدە) و هێزە چەکدارییەکانی دیکەی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە رۆژئاوای کوردستان کردووە.
گوتەبێژی کرملین رایگەیاندووە، ئەگەر ئەو هێزانە وەک چۆن لە رێککەوتنی کشانەوەیان هاتووە، نەکشێنەوە، ئەوا پۆلیسی سەربازیی رووسیا و سوپای رژێمی سووریاڤ دەکشێنەوە و گۆڕەپانەکە بۆ هێرشی سوپای تورکیا چۆڵ دەکەن.
رۆژی سێشەممە رەجەب تەییب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا و ڤلادیمێر پوتینی سەرۆکی رووسیا کۆبوونەوە و رێککەوتن لەسەر بڵاوکردنەوەی پۆلیسی سەربازیی رووسی و سوپای رژێمی سووریا لە ناوچەکانی دەرەوەی ناوچەی ئارام لە رۆژئاوای کوردستان.
بەپێی رێککەوتنەکە، پێویستە هێزەکانی سەر بە پەکەکە تا قوڵایی 30 کیلۆمەتر، لە سنووری تورکیا دوور بکەونەوە.
باسنیوز
