كرێی خوێندنی دكتۆرا و ماستەر كەم دەكرێتەوە

كرێی خوێندنی دكتۆرا و ماستەر كەم دەكرێتەوە
سەرۆكی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا ڕایگەیاند، بڕیاری كەمكردنەوەی كرێی خوێندنی دكتۆرا و ماستەر دراوە و كاریان لەسەر ئەوە كردووە كە مەرجی وەرگرتنی قوتابی لە دكتۆرا و ماستەر نەمێنێت، بۆ ئەم مەبەستە هەندێك پێشنیاریان ئامادە كردووە و هەفتەی داهاتوو لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی خوێندنی باڵا كۆ دەبنەوە و گفتوگۆی لەسەر دەكەن.

عەبدولسەلام دۆڵەمەڕی، سەرۆكی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا دیار كرد: "بڕیاری كەمكردنەوەی كڕێی خوێندنی دكتۆرا و ماستەر لە سۆنگەی گرنگیدان و بایەخدان بە توێژی قوتابیان كە توێژێكی هەستیار و كاریگەرە لەناو كۆمەڵگادا وەكو لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە یەكەم كۆبوونەوەی خۆماندا نووسراومان ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران كرد، بە مەبەستی كەمكردنەوەی كرێی خوێندن، هەم لە پاڕالێل، هەم لە زانكۆ تایبەتەكان، هەمیش لە سنووری وەزارەتی پەروەدرە لە قوتابخانە تایبەتەكان، كرێی خوێندن كەم بكەنەوە، ئەو پێشنیارەی ئێمە بووە بڕیار و چووە واری جێبەجێكردنەوە."

دۆڵەمەڕی گوتیشی: "سەبارەت بە كرێی خوێندن لە زانكۆ حكوومییەكان، واتە پاڕاڵێڵ، هەم ماستەر، هەمیش دكتۆرا كرێی خوێندن 45% كەم كراوەتەوە، ئەوە بووەتە بڕیار و چووەتە واری جێبەجێكردنەوە."

سەبارەت بەوەی لە ساڵانی پێشوو هەندێك مەرج هەبوون بۆ وەرگرتنی قوتابی لە دكتۆرا و ماستەر، سەرۆكی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا ڕایگەیاند: "كارمان لەسەر ئەو بابەتە كردووە و و هەندێك پێشنیارمان ئامادە كردووە و هەفتەی داهاتوو لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا كۆ دەبینەوە و گفتوگۆی لەسەر دەكەین".
Top