بەرپرسێكی باڵای جەهەپە دەستی لەكار كێشایەوە

بەرپرسێكی باڵای جەهەپە دەستی لەكار كێشایەوە
بەرپرسی لقی جەهەپە كە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی توركیایە، لە مێردین دەستی لەكار كێشایەوە و دەڵێت نەدەبوا جەهەپە لەناو پەرلەمانی توركیا بە (بەڵێ) دەنگ بۆ هێرشی توركیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان بدات.

ئەمڕۆ ٢٢ی١٠ی٢٠١٩، ئەحمەد دویان، سەرۆكی لقی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) لە مێردین و ئەندامی سەكردایەتیی ئەو پارتە دەستی لەكار كێشایەوە، بەڵام بەرلەوەی دەست لەكار كێشانەوەكەی بگاتە ئەنجومەنی باڵای جەهەپە، كەمال كلیچدارئۆغلو سەرۆكی جەهەپە دویانی لە پارتەکەی دەركردووە.

ئەحمەد دویان لە نامەی دەست لە كاركێشانەوەكەیدا ئاماژەی داوە، جەهەپە هەڵەی كرد لەناو پەرلەمانی توركیا بە (بەڵێ) دەنگی بۆ درێژكردنەوەی ئۆپەراسیۆن بۆ دەرەوەی سنووری توركیا دا، هەروەها بەهۆی بێدەنگیی جەهەپە لە رامبەر كوشتنی خەڵكی بێتاوان لە شەڕدا، بۆیە دەست لەكار دەكێشمەوە.

ماڵپەڕی (سۆڵ)ی توركی بڵاوی كردوەتەوە، كە كلیچدارئۆغلوش تووڕە بووە لە هەڵوێستی دویان لەبارەی رەخنەگرتنی لە هێرشی توركیا بۆ سەر رۆژئاوا، بۆیە بڕیاری داوە دویان لە پۆستەكەی دوور بخاتەوە. دویانیش دەڵێت بەرلەوەی ئەوان دوورم بخەنەوە، خۆم دەستم لەكار كێشایەوە.

بە گوێرەی ئەو راپرسییەی دەزگای (كۆندا) كردوویەتی لە توركیا، ئەگەر ئەمجارەیان هەڵبژاردن بكرێت، كوردەكان وەكوو هەڵبژاردنی ٣١ی٣ی٢٠١٩ دەنگ بە جەهەپە نادەنەوە، چونكە هەڵوێستی ئەوانیش هیچ جیاوازییەكی لەگەڵ هەڵوێستی ئاكەپە و مەهەپە نەبووە.












باسنيوز
Top