بنەماڵەی لانە محەمەد داوای ڕاگرتنی حەڵقەی داهاتووی بەرنامەکەی ئامانج بابانی دەکەن
پاش ئەوەی لە کەناڵی (ئێن ئاڕ تی) ڕێکلام بۆ پەخشکردنی حەڵقەیەکی تازەی بەرنامەکەی ئامانج بابانی کراوە، کەسوکاری لانە محەمەد پەیوەندییان بە بەرپرسانی کەناڵەکەوە کردووە و داوای ڕاگرتنی ئەم بەرنامەیان کردووە.
لە بەرامبەردا بەرپرسێکی کەناڵەکە ڕايگەیاند، ڕاستە داوای ڕاگرتنی بەرنامەکە کراوە، بەڵام ”ئێمە بەھیچ شێوەیەک بەرنامەکە ڕاناگرین و ئەم حەڵقە نوێیە کە پەخش نەکراوە، لەکاتی خۆیدا پەخش دەکەین“.
هەرچەندە نازاندرێت لەم حەلقەیەی بەرنامەکەی ئامانج بابانیدا باس لە چی دەکرێت و بۆچی بنەماڵەی لانە محەمەد داوای ڕاگرتنی دەکەن، تەنانەت بەرپرسەکەی (ئێن ئاڕتی)ش سەرسوڕمانی خۆی لەوە دەربڕی کە بۆچی داوای وەستاندنی بەرنامەکە دەکرێت.
ئێوارەی ڕۆژی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ و لە کاتێکدا خەڵکی کوردستان بە گەرمی باسیان لە ساڵڕۆژی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر دەکرد، لەپڕ هەواڵی تیرۆرکردنی ئامانج بابانی و هاوسەر و منداڵەکەی لە کەناڵی (ئێن ئاڕتی)یەوە بڵاوکرایەوە کە ئامانج بابانی کاری تێدا دەکرد.
دوای درووستبوونی کاردانەوەی توندی ڕای گشتی بەرامبەر بە هەواڵی کوژرانیان، بەرپرسانی پۆلیس و ئاسایشی سلێمانی پرێس کۆنفرانسێکیان ئەنجام دا و بە خستنەڕووی چەند بەڵگە و وێنەیەک کە بەپێی قسەی بەرپرسە ئەمنییەکان، ئەم بەڵگە و وێنانە دەیسەلمێنن کە ڕووداوەکە خۆکوژی بووە.
لەلایەکی دیکەوە بەیانیی ڕۆژی شەممە ١٩ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩، راگەیاندراوێک بە ناوی ماڵباتی لانە محەمەدی هاوسەری ئامانج بابانییەوە بڵاو کرایەوە و ئەو ماڵباتە ڕەخنەی توندیان لە کەناڵەکە گرت و بەوە تۆمەتباریان کرد کە “لەسەر حیسابی ژانی ئێمە، وەبەرهێنانی پۆخڵ لەم کەیسەدا دەکات” و ئاماژەیان بەوە کرد کە ڕووداوەکە بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە بووە و ئامانج بابانیشیان بە بکوژی هاوسەر و منداڵەکەی و خۆی وەسف کرد.
ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ٢٠ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ش، باوکی ئامانج بابانی ڕەتی کردەوە کە کوڕەکەی بکوژی هاوسەر و منداڵەکەی بێت و هیوای خواست لە ئایندەدا حەقیقەتی ڕووداوەکە ئاشکرا ببێت.
ئێستا ئەو کەسانەی کە لە هەرێمی کوردستاندا بایەخ بەم دۆسیەیە دەدەن، بوونەتە دوو بەرە، بەشێکی بەرچاویان لە ڕێگەی خستنەڕووی چەندان پرسیارەوە، ڕەتی دەکەنەوە رووداوەکە خۆکوژی بێت، بەشێکیشیان بە پشتبەستن بە قسەکانی دەزگا ئەمنییەکانی سلێمانی و خانەوادەی لانە محەمەدی، پێیانوایە ئامانج بابانی بکوژی خۆی و هاوسەر و منداڵەکەیەتی.
باسنيوز
