ئەگەر هەیە ڕووداوەکەی چیای ئەزمەڕ لە سلێمانی لە ڕێگەی فڕۆکەوە ئەنجام درابێت
ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ١٥⁄١٠⁄٢٠١٩، ڕووداوێک لە چیای ئەزمەڕ لە شاری سلێمانی ڕووی دا و بەو ھۆیەوە دوو کەس کوژران و چەند کەسێکی دیکە برینداربوون.
بەپێی زانیارییەکان ئەو دوو کەسەی کوژراون، سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بوون و ئەگەر هەیە یەکێکیان پلەی لەنێو حزبەکەدا هەبووبێت، ئەوان لەسەر چیای ئەزمەڕ بە ئۆتۆمبێلێکی تایبەتیی خۆیان بوون، بەڵام ئەگەر هەیە لەلایەن فڕۆکەی تورکییەوە هێرشیان کرابێتە سەر.
ھەرچەندە لە سەرەتای ڕووداوەکەدا بە تەقینەوە ناوی هێندرا، بەڵام ئێستا دۆسیەکە لای پۆلیسی سلێمانی نەماوە و ئاسایشی شارەکەش هیچ زانیارییەک لەمبارەیەوە ئاشکرا ناکات.
ئاسایشی سلێمانی خۆیان چاودێریی ئەو کەسانە دەکەن کە لە ڕووداوەکەدا بریندار بوون و ئێستا لە نەخۆشخانەیەکی شاری سلێمانی دان و لەبارەی ڕووداوەکەشەوە قسەیان لەگەڵدا کردوون، بەڵام ئاسایش نایەوێت ئەو بریندارانە بەھێچ شێوەیەک زانیاری لەسەر ڕووداوەکە بۆ رای گشتی ئاشکرا بکەن.
لەمبارەیەوە بەرزان حامد، سەرۆکی لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ڕاگەیاند، ڕووداوی تەقینەوەکەی چیای ئەزمەڕ بابەتێکی ئەمنییە و پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بەھێزە ئەمنییەکانەوە ھەیە.
بە دووری نەزانی کە بەهۆی ئەوەی هێشتا لێکۆڵینەوەکان تەواو نەبوون، بۆیە ئاسایش هیچی لەبارەی ڕووداوەکەی چیای ئەزمەڕ نەگوتبێت. گوتیشی: “ئێمە لە لێژنەکەشمان ھیچ ڕوونکردنەوەیەکمان لەسەر ڕووداوی تەقینەوەکەی چیای ئەزمەڕ بۆ نەھاتووە، بۆیە ناتوانین بەبێ زانیاری قسە لەسەر ڕووداوەکە بکەین”.
باسنيوز
