سەرتاشێکى كورد دوای 10 ساڵ ناوە تورکییەکەی سەرتاشخانەکەی دەگۆڕێت

سەرتاشێکى كورد دوای 10 ساڵ ناوە تورکییەکەی سەرتاشخانەکەی دەگۆڕێت
بەردەوامیی ھێرشەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان، ھاووڵاتییانی هه‌رێمى کوردستان نیگەران دەکات و بەشێوازی جۆراوجۆر ڕووبەڕووی تورکیا دەبنەوە و پاڵپشتی لە ڕۆژئاوای کوردستان دەکەن، لەوانەش بایکۆتی شتومەکی تورکی.

سەعد جەبار، کە ماوەی 12 ساڵە کاری سەرتاشی دەکات لە ھەڵەبجە، لەبارەی گۆڕینی ناوی سەرتاشخانەکەیەوە ڕايگه‌یاند: "ماوەی 10 ساڵە سەرتاشخانەکەم ناو ناوە ئیسته‌نبوڵ، بەڵام دوای ھێرشەکانی توركیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان، وەکوو پشتگیرییەک بۆ ڕۆژئاواى كوردستان، ناوی سەرتاشخانەکەم گۆڕی بۆ ڕۆژئاڤا".

گوتیشی: "گۆڕینی ناوی سەرتاشخانەکەم کاردانەوەیەکی زۆری لێ کەوتووەتەوە و لەلایەن ھاووڵاتییانەوە پێشوازییەکی زۆری لێ کراوە، چەندین شوێنی دیکەش بەڵێنیان داوە ناوە تورکییەکانیان بگۆڕن بۆ ناوى کوردی".

ھاوکات سۆران ئەحمەد، دانیشتووی شاری دەربەندیخان، لە ھەژماری تایبەتیی خۆی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک)، ڕای گەیاندووە: "گەورەترین خەونم دەکەم بە قوربانی و پێشکەش بە ڕۆحی پاکی شەھیدان و قوربانییانی ڕۆژئاوای کوردستانی دەکەم، دوای تەواوکردنی مامەڵە و ڕێکارەکان و وەرگرتنی لارینەبوونی وەزارەت بۆ خوێندنی ماستەر لە زانکۆیەکی نێودەوڵەتیی تورکیا، واز لەو ھەلە دەھێنم و چاوەڕوانیی ھەلێکی دیكه‌ دەکەم لە ناوخۆی وڵات، یاخود لە وڵاتێکی دیکە".

هه‌ر له‌ به‌رده‌وامیی هه‌ڵوێسته‌كانى خه‌ڵكى هه‌رێمى كوردستان بۆ پشتیگیریی ڕۆژئاواى كوردستان، ماڵپەڕی (کوردسەبتایتڵ) وەکوو گەورەترین کۆگای فیلمی ژێرنووسکراوی کوردی، لە ڕاگەیەندراوێکدا ، ڕای گەیاندووە: "وەک ھەڵوێستێک بەرامبەر ئەو کردەوه‌ قێزەونانەی بەرامبەر خوشک و براکانمان دەکرێت لە ڕۆژئاوای کوردستان، ناتوانین بێدەنگ بین بەرامبەر ئەم کارە و ھەموان بەپێی ئەو بوارەی کە تێیداین، پێویستە یەکگرتوو بین و ھەڵوێستی خۆمان وەک کوردێک بەرامبەر خاک و ھاونیشتمانیانمان دەرببڕین، بۆیە لەمڕۆوە تەواوی بەرھەمە تورکییەکانمان لە ماڵپەڕ سڕیوەتەوە و لەمەودواش بەھیچ شێوەیەک ھیچ فیلمێکی تورکی بڵاو ناکرێتەوە و ژێرنووسی فیلمی تورکی لە ھیچ وەرگێڕێک، وەرناگیرێت".










باسنیوز
Top