لیندزی گراهام لەبارەی بارودۆخی رۆژئاوای کوردستان لەگەڵ ترەمپ قسە دەکات

لیندزی گراهام لەبارەی بارودۆخی رۆژئاوای کوردستان لەگەڵ ترەمپ قسە دەکات
لیندزی گراهام، سیناتۆری ناسراوی کۆمارییەکان دەڵێت، پێیوایە "چارەسەرێکی مێژوویی" بۆ کوردی رۆژئاوای کوردستان گونجاوە.

گراهام لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ فۆکس نیوز رایگەیاند، لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ قسەیکردووە و لەسەر بنچینەی ئەو قسەکردنەش ئەو گەشبینیەی لا دروستبووە کە دەکرێت چارەسەرێک بەدەستبهێندرێت کە ئاسایشی تورکیا و کورد گەرەنتیکراو بێت.

گراهام گوتیشی، پێیوایە ئەمریکا و هێزە کوردییەکان دەتوانن پڕۆژەیەکیان هەبێت بۆ نۆژەنکردنەوەی بیرە نەوتەکانی سووریا بەجۆرێک داهاتەکەی بۆ کورد بێت.

سیناتۆرە ناسراوەکەی کۆمارییەکان رایگەیاند، "سەرۆک ترەمپ پێزانینی بۆ ئەو شتە هەیە کوردەکان کردوویانە. ئەو دەیەوێت دڵنیابێت کە داعش ناگەڕێتەوە. پێشبینیدەکەم لە هاوبەشی لەگەڵ کورد لە رۆژهەڵاتی سووریا بەردەوام دەبین بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی داعش دەرناکەوێتەوە".

هاوکات جیم ئینهۆف، سەرۆکی لیژنەی خزمەتگوزارییە سەربازییەکانی ئەنجوومەنی پیران رایگەیاند، ترەمپ لەو راستییە تێدەگات کە گرنگە ئەمریکا هێزی ئاسمانی لە ناوچەکەدا بمێنێتەوە.

ئینهۆف گوتی، "پێویستە ئەمریکا هێزە ئاسمانییەکەی بهێڵێتەوە بۆ بەردەوامیدان بە گوشار خستنەسەر داعش، رێگەگرتن لە رووسیا و ئێران لە قۆستنەوەی بارودۆخەکە و پاراستنی هاوبەشەکانمان لەسەر زەوی".
Top