زاگرۆس فەتاح ئەو پڕۆژانە دەخاتە ڕوو كه ئهنجومهنى وهزیران جێبەجێیان دەکات
زاگرۆس فەتاح، بەڕێوەبەری گشتیی پڕۆژەکانی وەزارەتی پلاندانانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕاگەیاند: "ئەو پڕۆژانەی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئاماژەی پێ کردوون، کۆمەڵێک پڕۆژەی جیاوازن کە دەستەبەندی دەکرێن بە پڕۆژەی ستراتیژی و پڕۆژەی بچووکی گەشەپێدانی پارێزگاکان."
زاگرۆس فەتاح، ئاشکرایشی دەکات: "سەرۆکی حکوومەت لیژنەیەکی تایبەتی پێک هێناوە، کە وەزارەتی پلاندانان و وەزارەتی دارایی و ئەنجومەنی وەزیرانیشی تێدایە، کە لیژنەی دیراسەکردن و پێداچوونەوەیە بە لیستی ئەو پڕۆژانەدا کە پێویستە ئێستا جێبەجێ بکرێن و جەنابیان داوایان کرد ئەو پڕۆژانەی زیاتر خزمەتگوزاری بە ھاووڵاتیان دەگەیەنن، ئەو پڕۆژانە بێننە پێشەوە، تا ئێمە بتوانین ڕەزامەندییان بدەینێ و بەپێی ئەو توانا دارایییەی ھەیە، پارەیان بۆ سەرف بکەین."
بەڕێوەبەری گشتی پڕۆژەکانی وەزارەتی پلاندانان، ئاماژە بەوەش دەکات: "ئەو پڕۆژانەیان کردووە بەدوو دەستە. دەستەی یەکەم، پڕۆژەکانی گەشەپێدانی ھەرچوار پارێزگاکەن، ئەو پرۆژانە پاڕێزگاکان جێبەجێیان دەکەن، ئەمانە بەگشتی پڕۆژەی بچووکن و بڕی پارەکەیان لە ملیۆنێک بۆ ٢ ملیۆن دۆڵار زیاتر تێ ناپەرێت."
فەتاح ڕایشیگەیاند: "قۆناغی یەکەم، ئەو پڕۆژانەن، کە بڕێکی زۆریان لێ جێبەجێ بووە، ھەروەھا ڕەزامەندیی سەرۆکی حکوومەتیان لەسەر وەرگیراوە بۆ ئەو پڕۆژانەی کە لەسەدا ٨٥ی ڕێژەی جێبەجێکردنیان جێبەجێ کراوە، تاکو پارەیان بۆ سەرف بکرێت، کە نزیکی ١٨٤ پڕۆژە لە ھەرچوار پارێزگاکەی ھەرێمی کوردستان ھەیە. قۆناغی دووەم، ئەو پڕۆژانەن کە لەسەدا ٧٥ی ڕێژەی جێبەجێکردنیان جێبەجێ کراوە و ئەو پرۆژانەش پارەیان بۆ سەرف دەکرێت و تەواو دەکرێن."
فەتاح ئاماژەی بە بەشێکی تری پڕۆژەکان کرد و ڕایگەیاند: "پڕۆژەی ستراتیژیی وەزارەتەکانن، ئەمەش سەرۆکی حکوومەت ڕەزامەندیی لەسەر دەرکردووە، کە پارەیان بۆ سەرف بکرێت و ١٠ پڕۆژەی ستراتیژی دەگرێـتەوە، کە سێ پڕۆژەی سایلۆی تێدایە، ئەوانیش لە کەلار، بەردەڕەش و قوشتەپەن، کە دابەش کراوە بۆ پارێزگاکانی ھەولێر، سلێمانی و دھۆک
پڕۆژە ستراتیژیەکانی تریش، پڕۆژەی ڕێگاوبانەکانن، وەک خۆی دەڵێت: "سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی پێ کردووە کە ئەم پڕۆژانە خزمەتگوزاریی ڕاستەوخۆ بە ھاەوڵاتیان دەگەیەنن، ئەمەش بەھۆی ئەوەی ڕۆژانە ڕووداوی ھاتوچۆی زۆر ڕوو دەدەن و ڕێگای نێوان شارەکانیش ستانداردێکی زۆر باشیان نییە."
بەڕێوەبەری گشتیی پڕۆژەکان، ھێما بۆ ئەو پڕۆژانەش دەکات، کە جێبەجێ دەکرێن و ڕایگەیاند، کە ٧ پڕۆژەی ستراتیژیی ڕێگاوبان دەگرێتەوە، کە ٥ پڕۆژەیان لە سنووری پارێزگای سلێمانییە، یەکەمیان ڕێگای دەربەندی ڕانیەیە کە دەستی پێ کردووە و بڕەپارەیەکی دەوێت بۆ تەواوکردن، ھاوکات ڕێگای کەلار - دەربەندیخان، ڕێگای کەلار - کفری، کە لە ناوچەی گەرمیان جێبەجێ دەکرێت، لە پارێزگای ھەڵەبجەش، ڕێگای نێوان ھەڵەبجە – سەیدسادق، کە ماوەیەکی باشە دەستی کردووە بە کارکردن، ھەروەھا ڕێگای نێوان دووکان - چوارقوڕنەش تەواو دەکرێت.
ناوبراو دەشڵێت: "دوو پڕۆژەکەی تر، یەکیان لە پارێزگای ھەولێرە، ئەوی تر لە دھۆکە، ئەو پڕۆژەیەش ڕێگای ھەولێر- دھۆک، پێکەوە دەبەستێتەوە، ئەمیش بە دوو قۆناغی جیاواز جێبەجێ دەکرێت. قۆناغی یەکەم، ڕێگای ھەولێر-گۆپاڵە، قۆناغی دووەم، ڕێگای ڕۆڤیا بۆ گۆپاڵە."
زاگرۆس فەتاح، ھێما بۆ ئەوەش دەکات، ئەو ٥٠٠ ملیار دینارە قۆناغ بە قۆناغە و بۆ ماوەی دوو ساڵیش کۆی گشتیی پڕۆژەکان پارەیان بۆ سەرف دەکرێت، چونکە ھەندێک لە پڕۆژەکان کاتێکی زیاتری دەوێت بۆ تەواوبوون، ھاوکات پێشی وایە، بە جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژانە ھاوکارییەکی زۆر باش دەبێت بۆ بەڵێندەرەکان، ھەروەھا دووبارە بازاڕ بووژانەوەیەکی باش بە خۆیەوە دەبینێت و دەرفەتی ھەلی کاریش دەڕەخسێت.
