بلیتی فڕۆکە لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ تورکیا بۆ کەمترین نرخ لە 10 ساڵی ڕابردوو دادەبەزێت
لاوەند مەموندی، سەرۆكی یەكێتیی كۆمپانیاكانی گەشتیاری و فڕۆکەوانی لە هەرێمی كوردستان ڕايگەیاند: "چەند هۆكارێك بۆ كەمبوونەوەی ڕێژەی گەشتكردن لە هەرێمی كوردستانەوە بۆ توركیا هەن، لەوانە وەرزی گەشتكردن نەماوە، هەروەها ئەو شەڕ و كێشانەی ئێستا لە ناوچەكەدا هەن، بۆیە ئەگەر خەڵكی خۆمان زۆر پێویستیان نەبێت، ئەوا گەشت ناكەن".
ڕوونیشی کردەوە، لە ماوەی ئەم چەند هەفتەیەدا ڕێژەی گەشتیاران ٧٥٪ دابەزیوە و نرخی بلیتی فڕۆکەش بۆ نزمترین ئاست لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوو دابەزیوە، نموونەشی بە بلیتی چوون و هاتنەوە لە هەولێرەوە بۆ ئیستەنبۆڵ هێنایەوە کە بووە بە ٢٥٠ دۆلار.
بە گوتەی لاوەند مەموندی، لەبەر كەمیی گەشتیاران و بۆ پڕكردنەوەی فڕۆكە، نرخەكان دادەبەزێندرێت، ”لەم هەفتەیەدا نرخی بلیت گەیشتووەتە ٢٠٠ دۆلار و بە ١٧٠ دۆلار و تەنانەت ١٥٠ دۆلار دۆلاریش فرۆشراوە".
ئەوەشی نەشاردەوە کە یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی کەمبوونەوەی گەشتکردنی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا، خۆی لە هەندێک ڕێکاری ئەمنی و هەندێکجار بێزارکردنی گەشتیارانی هەرێمی کوردستان دەبینێتەوە، ”تەنانەت داوای مۆبایل لە خەڵك كراوە بۆ ئەوەی سەیری بكەن".
باسنيوز
