پارتی داوا لە یەکێتی و گۆڕان دەکات ناوی کاندیدەکانیان یەکلا بکەنەوە
بەپێی ڕێککەوتنی لایەنەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەریەک لە پارتی و یەکێتی و بزووتنەوەی گۆڕان چەندان پۆستیان لە خوار پلەی وەزیر بەردەکەوێت، بەڵام تاوەکوو ئێستا بەهۆی پێشکەشنەکردنی ناوی کاندیدەکان لەلایەن یەکێتی و گۆڕانەوە، پرۆسەکە دواکەوتووە.
لەمبارەیەوە عارف ڕوشدی، ڕاوێژكاری مەكتەبی سیاسیی پارتی ڕایگەیاند، پارتی چاوەڕێی یەكێتییە تاوەکوو کۆبوونەوەیەک ئەنجام بدرێت و تێیدا باسی کۆبوونەوەی سێقۆڵی و کات و شوێنەکەشی بکرێت.
ڕوونیشی کردەوە، لەو کۆبوونەوەیەدا دەکرێت هەموو ئەو بابەتانەی کە هێشتا جێگەی مشتومڕن، ”چارەسەر بکرێن و لەبارەیانەوە بگەینە خاڵی هاوبەش“.
عارف ڕوشدی جەختی کردەوە کە لایەنەکان دەزانن پشکەکانیان چەندە و چییە لە حکوومەتدا، بۆیە دەبێت کاندیدەکانیان دەستنیشان بکەن، ”بەمەش کێشەکە چارەسەر دەبێت، چونکە بابەتەکە ئەوەندە قورس نییە“.
لەبارەی کاندیدەکانی گۆڕانیش، راوێژکارەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دەڵێت: ”ئەوەندەی لە برادەرانی گۆڕانمان بیستبێت، ئەوان كێشەیان لە ناوەكان نییە“. بە پێویستیشی دەزانێت، پێش كۆتاییهاتنی ساڵی ٢٠١٩، یەكێتی و گۆڕان ناوی كاندیدەكانیان بۆ پۆستەكان ڕەوانە بكەن. گوتیشی: ”تا ڕۆژێك زووتر ناوەكان بنێرن و ئەو خاڵانەی جێی مشتومڕن كۆتاییان بێت، باشترە و ئێمە پێمان باشە، چونكە پێویستە حكوومەتە بكەوێتە سەر ڕێكاری خۆی و كارەكانی بكات“.
باسنیوز
