کەجەکە دژایەتیی خۆی بۆ ئاگربەست لە رۆژئاوای کوردستان راگەیاند

کەجەکە دژایەتیی خۆی بۆ ئاگربەست لە رۆژئاوای کوردستان راگەیاند
کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) دژایەتیی خۆی بۆ راگرتنی شەڕ لە رۆژئاوای کوردستان راگەیاند و داوا دەکات هێزەکانی سووریای دیموکراتی (هەسەدە) بەردەوام بن لە شەڕ دژی تورکیا.

ئەمڕۆ شەممە 19-10-2019، دوای 10 رۆژ لە هێرشی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، کەجەکە، کە کۆکەرەوەی حزبەکانی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)یە، راگەیەنداروێکی لەبارەی ئەو هێرشەوە بڵاو کردەوە.

کەجەکە ناڕاستەوخۆ رێککەوتنی راگرتنی شەڕ لە رۆژئاوای کوردستان رەت دەکاتەوە و رایگەیاندووە، ”پێویستە ئەم ئاگربەستە ڕەوایەتی بە داگیرکاری نەدات. بەو هۆیەوە بەرخۆدێران و ڕای گشتی دیموکراتیک جگە لە کشانەوەی داگیرکەران، هیچ بژاردەیەکی دیکە قبوڵ ناکەن“.

هەروەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، رێککەوتنەکە بۆ ”رزگارکردن“ی رەجەب تەییب ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورکیا و دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکایە لە ”دۆخی تەنگەتاو“ و داوا دەکات هێزەکانی سووریای دیموکراتی (هەسەدە) بەدەوام بن لە شەڕ دژی سوپای تورکیا.

کەجەکە پشتگیریی خۆی بۆ رادەستکردنەوەی رۆژئاوای کوردستان بە رژێمی سووریا نیشان داوە و رایگەیاندووە، ”دەوڵەتی تورک بەو ناوچانەی کە داگیری دەکات، هەوڵ دەدات کاریگەری لە سەر یەکپارچەیی خاکی سوریا دروست بکات. پێویستە نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕوسیا، ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا هەڵوێستیان هەبێت و پشتگیری لە ڕێککەوتنی نێوان بەڕێوەبەری خۆسەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و دەوڵەتی سوریا بکەن. بەر لە هەموو شتێک بۆ ئارامی سیاسی بە شێوەیەکی ئاشتیانە، دیموکراستی و یەکیەتی سوریا“.

رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، رەجەب تەییب ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورکیا و مایک پێنس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا رێککەوتن لەسەر وەستاندنی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان بۆ ماوەی 120 کاتژمێر، بۆ ئەوەی رێگا بە یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)ی باڵی سەربازیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە رۆژئاوای کوردستان بدرێ، لە سنووری تورکیا بکشێتەوە.

رۆژی چوارشەممە 9-10-2019، بە سەرپەرشتیی رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، هێرشی زەمینی و ئاسمانیی سوپای تورکیا و گرووپە توندڕەوەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، دەستی پێ کرد.












باسنيوز
Top