نووسەرێكی توركیا رێكکەوتنی ئەمریكا و توركیا بە سەرنەكەوتوو ناو دەبات

نووسەرێكی توركیا رێكکەوتنی ئەمریكا و توركیا بە سەرنەكەوتوو ناو دەبات
نووسەرێكی دیاری توركیا، پێی وایە ئەو رێككەوتنەی لە نێوان ئەمریكا و توركیا لەبارەی رۆژهەڵاتی فوراتەوە كراوە، رێككەوتنێكە سەركەوتوو نابێت، چونكە لە كۆی ٦ ئەكتەری سەرەكی لە سووریا، رێككەوتن لە نێوان دوو ئەكتەردا كراوە.

مەتین مونیر، نووسەری دیاری توركیا، لە نووسینێكیدا بۆ ماڵپەری (T24) كە ئەمڕۆ ١٩ی١٠ی٢٠١٩ بڵاو كراوەتەوە، ئاماژە دەدات كە (رووسیا، ئێران، سووریا و یەپەگە) ٤ ئەكتەری سەرەكیی مەیدانی سووریان، بەڵام تەنیا دوو ئەكتەر رێككەوتنیان لەبارەی رۆژهەڵاتی فوراتەوە كردووە، ئەویش توركیا و ئەمریكایە، ئایا رێككەوتنێكی وا سەركەوتوو دەبێت؟

نووسەر دەنووسێت: "دوای ئەوەی سوپای سووریا هاتە ناو رۆژئاوا، رووسیا بەپەلە وەكوو نێوەندگیر كەوتە نێوان سووریا و یەپەگەوە، كەواتە رووسیا لەگەڵ ئەوەیە ئەو شوێنانە لەژێر كۆنتڕۆڵی سووریا بێت نەك توركیا. رووسیا بە هەموو شێوەیەك دژی ئۆپەراسیۆنی توركیایە و پێی وایە دەبێت سنوورەكان بكەوێتەوە ژێر كۆنتڕۆڵی رژێمی سووریا و بۆ ئەمەشیان هەوڵی جیدی داوە".

نووسەر ئاماژە دەدات، ئایا ئەو هەموو چەكەی ئەمریكا بە یەپەگەی داوە لە بەرامبەر رووبەڕووبوونەوەی داعش، وەكوو ئەوەی توركیا و ئەمریكا رێككەوتنیان لەسەر كردووە ئایا رادەستی دەكاتەوە؟ یاخود یەپەگە چاوەڕێی فەرمانی رووسیایە و ئیدی سەیری دەمی رووسیا دەكات؟

نووسەر ئاماژە دەدات، ئەوەی بەرامبەر بە توركیا وەستاوەتەوە لەو رێككەوتنە، ئێران و رووسیا و سووریایە، ئایا توركیا دەتوانێت بەبێ رەزامەندیی ئەوان دوو ملیۆن ئاوارە لە رۆژهەڵاتی فورات نیشتەجێ بكات؟ ئەمە ئەستەمە.

مەتین پێشبینی دەكات لە كۆبوونەوەی نێوان پۆتین و ئەردۆغان لە رۆژی سێشەممە، رەنگە ئەردۆغان رازی بێت بەوەی سەربازەكانی لە سووریا بكشێنێتەوە، بەو مەرجەی لە شوێنی ئەوان سەربازی سووری شوێنی بگرێتەوە و یەپەگەش بە تەواوی لەو ناوچەیە نەمێنێت.













باسنيوز
Top