لە باوەنوور كەمپینی كۆكردنەوەی هاوكاری بۆ ڕۆژئاوای كوردستان ڕاگەیەندرا
هەژار سۆفی، سەرپەرشتیاری كەمپینی كۆكردنەوەی هاوكاری بۆ ڕۆژئاوای كوردستان لە شارەدێی باوەنوور، ڕايگەیاند: "بەمەبەستی هاوكاریكردنی برا و خوشكەكانمان لە ڕۆژئاوای كوردستان، هاوشێوەی شار و شارۆچكەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان، لە شارەدێی باوەنوور كەمپینێكمان بۆ كۆكردنەوەی هاوكاری بۆ ڕۆژئاوای كوردستان ڕاگەیاندووە".
گوتیشی: "شوێنی سەرەكی كۆكردنەوەی هاوكارییەكان لە بینای بازاڕی هاوچەرخە لە شارەدێیەكەدا و تیمی گەڕۆكیشمان بۆ ناو گەڕەك و كۆڵانەكان هەیە".
ئاماژەی بەوەش دا: "لە كەمپینەكەدا جلوبەرگ و پارە و خواردنی وشكە و پێداویستیی خواردن دروستكردن و پێداویستیی خەوتن و منداڵان كۆ دەكرێتەوە".
هەتا ئێستا لە شارەکانی کەلار، خورماتوو، هەڵەبجە و ئاکرێ کەمپینی کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ ئاوارەکانی ڕۆژئاوای کوردستان ڕاگەیەندراوە.
باسنيوز
