حکوومەتی هەرێمی کوردستان پڕۆژەیاسای ڕووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان ئامادە دەکات
بەپێ زانیارییەکان پڕۆژەکە لە ١٠ ماددە پێک ھاتووە، ھەردوو وەزارەتی ناوخۆ و تەندرووستی ئامادەیان کردووە و ئێستا لە قۆناخی کۆتایی دایە.
لە ماددەکانی پرۆژەکەدا سزای بەکارھێنەر و بازرگانی ماددە هۆشبەرەکان و ئەو کەسەشی کە ماددەکان دەچێنێت، جیاکراوەتەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە لە دوایەمین کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستاندا، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی راسپارد، بۆ نووسینی تێبینی و پێشنیازیان لەسەر پرۆژەکە و لەم نزیکانە دەنێردرێتە پەرلەمان.
هەر لەمبارەیەوە سارا دڵشاد، ئەندامی لێژنەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان بە (باسنیوز)ی راگەیاند، پڕۆژەکە گرنگە و لە پەرلەمانی کوردستاندا چاوەڕێی دەکرێت، بۆیە ھەر کات بگاتە پەرلەمان، لە نزیکترین کاتدا پەسەندی دەکەن.
دوای پەسەندکردنی ئەم پرۆژەیە، ھەرێمی کوردستان دەبێتە خاوەنی یاسای تایبەت بە ڕووبەڕووبوونەوەی ماددە ھۆشبەرەکان.
باسنیوز
