حكوومەتی پۆلۆنیا بەشێك لە پێداویستییەکانی سەنتەری شێرپەنجەی مناڵانی نەخۆشخانەی ژین لە دهۆك دابین دەكات

حكوومەتی پۆلۆنیا بەشێك لە پێداویستییەکانی سەنتەری شێرپەنجەی مناڵانی نەخۆشخانەی ژین لە دهۆك دابین دەكات
حکوومەتی پۆلۆنیا زیاتر لە 220,000 زلۆتی تەرخان کرد بۆ دابینکردنی پێشکەوتووترین ئامێری پزیشکیی پێویست بۆ سەنتەری نەخۆشییەکانی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی ''ژین'' لە دهۆک. لە پلانیشدایە ئامێرەکان و پێداویستییەکان تا کۆتاییی ئەمساڵ بگەنە نەخۆشخانەکە.

پروژەکە لە لایەن دەزگای خێرخوازیی (Eagle Watch)ـەوە، بە هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوی ئاوەدانکردنەوەی گلگامێش لە کوردستان (Gilgamesh Organization for Development) جێبەجێ دەكرێت.

ئەم پرۆژەیە یەکێکە لە دەرەنجامەکانی بایەخدانی زیاتری پۆلۆنیا بە بارودۆخی ئاوارەكان لە ھەرێمی کوردستان، ئەوەش پاش سەردانی شاندێکی پۆلۆنیا بە سەروکایەتیی وەزیری کاروباری یارمەتییە مرۆییەكانی ئەو وڵاتە، خاتوو بێئاتا كەمپا (Beata Kempa) لەگەڵ ھە ندێك نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی هاوکاریی مرۆیی بۆ کوردستان لە دیسەمبەری ساڵی 2018دا دێت. لەو سەردانەدا جەنابی وەزیر سەردانی نەخۆشخانەی ژینی دهۆکی کرد و بەڵێنی دابینکردنی پێداویستییەکانی نەخۆشخانەکەی دا، کە لە لایەن بەڕێوەبەرایەتیی نەخۆشخانەکەوە دەستنیشان كران .

ئەمە یەکەمین پروژە نییە لە لایەن Eagle Watch) )ـەوە لە کوردستان جێبەجێ دەكرێت. پێشتریش چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاری و پەرەپێدانی بیناسازیی جێبەجێ کردووە. بەپێی ڕێسا و ڕێنماییەکانی ڕێکخراوەکە هەموو پێداویستییەکانی پرۆژەکان لە بازاڕی کوردستان دەکڕن و کرێکاریش بۆ جێبەجێكردنیان هەر خەڵکی کوردستانن.

لە کۆبوونەوەکەیدا، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆلۆنیا، بەڕێز زیاد ڕەئووف، لەگەڵ بەڕێز بارتۆش ڕۆتکۆڤسکی، سەرۆکی ڕێکخراوی (Eagle Watch)، زۆر سوپاسی لایەنی پۆلۆنیی کرد بۆ ئەو یارمەتیدانە و ئامادەییی خۆی دەربڕی بۆ ھاوكاری و هەر کارئاسانییەک لە کوردستان تا بە زووترین كات پێداویستییەکان بگەنە نەخۆشخانەی ژین.
Top