پۆلیسی سلێمانی چەند وێنە و بەڵگەی لەبارەی ڕووداوی کوژرانی ئامانج بابانی و بنەماڵەکەی خستە ڕوو
ئاشکرای کرد: "هەر دوای ڕووداوەکە هەموو تیمەکانمان کەوتنە کار و لێکۆڵینەوە و کۆمەڵێک زانیاری و بەڵگە کەوتنە بەردەستی پۆلیس و تیمەکانی بەڵگەی تاوان لە شوێنی ڕووداوەکە دەستیان بە لێکۆڵێنەوە کرد و دواتر تەرمەکان برانە پزیشکی دادوەری بەمەبەستی پشکنین و بەپێی ڕاپۆرتی پزیشکی دادوەری و بەڵگە و تاوان و ئەو بەڵگانەی لەبەردەستدان و لێکۆلێنەوەکانی پۆلیس دەریان خستووە کە کارێکی خۆکوژییە".
بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمانی گوتیشی: "بەپێی بەڵگەکان ئامانج بابانی یەک فیشەک بەسەریەوە بووە و ڕاپۆرتەکە پێمان دەڵێت لە دووریی دوو بۆ سێ سانتیمەتر پێوەی نراوە کە ئەمە خۆی لە خۆیدا ئەوە دەسەلمێنێ کە ئەگەر فیشەک لە نزیکەوە بتەقێندرێت، شوێنەکە وەک ئەستێرە لێ دەکات و بارووتی چەکەکەش بە شوێنەکە و لەسەر دەستیشی ئەمێنێتەوە و پەڵەی خوێن بەر دەست و چەکەکەش دەکەوێت".
عەمید ئاسۆ شێخ تەها ڕاشی گەیاند: "هەموو ئەمانە لە ڕاپۆرتەکەدا هەن و بەپێی ئەو وێنانەی کەلە ئۆتۆمبێلەکە گیراون هیچ فیشەکێک لە دەرەوە بەرەوڕووی نەتەقێندراوە و کامیرای چاودێریی ترمیناڵی شارەزووریش دەری دەخات کە هیچ ئۆتۆمبێلێک بەدوایانەوە نەبووە".
ئاماژەی بەوەش کرد: "کە سەرجەم حەوت فیشەک تەقێندراوە کە سێیان بەر منداڵەکە کەوتووە، دوویان بەدووریی سی سانتیمەتر بەر لانە محەمەد و یەکیان بەر دەرگای ئۆتۆمبێلەکە و یەکیشیان بەر سەری ئامانج بابانی کەوتوون".
لە پرێس کۆنفرانسەکە پۆلیسی سلێمانی چەند وێنە و بەڵگەیەکی لەبارەی ڕاستیی ڕووداوەکە پیشانی ڕۆژنامەنووسان و دەزگا میدیاییەکان دا و ڕاشی گەیاند: "هەندێ کێشەی دیکەش لە پشتی ئەم رووداوەوە هەبوون کە ئێمە وەک پۆلیس لێی ئاگادارین، بەڵام بۆ بڵاوکردنەوە نابن".
شەوی ڕابردوو هەریەک لە رۆژنامەنووس و میدیاکاران ئامانج بابانی و لانە محەمەدی هاوسەری، لەگەڵ منداڵە ساواکەیان، لە ڕووداوێکی تەمومژاویدا لە نێو ئۆتۆمبێلەکەیان لە سلێمانی کوژران.
باسنيوز
