عادل گەرعاوی، سەرکردەی حەشدی شەعبی: لە ١٦ی ئۆکتۆبەر بە هەماهەنگیی یەکێتییەكان و بنەماڵەی تاڵەبانی چووینە نێو کەرکووک
عادل گەرعاوی، سەرکردەی حەشدی شەعبی، ڕاگەیاند، ئەوان حەشدی شەعبی بە هێزێکی نیشتمانیی عێراقی دەزانن و وەک هەر هێزێکی دیکەی عێراق هەژماری دەکەن، بۆیە کاتێک حەیدەر عەبادی، فەرماندەی گشتیی پێشووی هێزەکانی عێراق، فەرمانی جووڵەکردنی هێزەکانی بۆ کەرکووک کرد، ئەوان بە دەنگ فەرمانەکەوە چوون.
بە گوتەی گەرعاوی، حەشدی شەعبی ڕۆڵی لە جموجۆڵی ئەوکاتی هێزەکانی عێراق هەبووە و بەپێی فەرمانی دەوڵەتی عێراق جووڵاوەتەوە، “بەتایبەتیش کە ئەوکاتە کەرکووک لە دۆخی دڵەڕاوکێیەکی زۆر دابوو”.
سەرکردەکەی حەشدی شەعبی لەو لێدوانەیدا ئاشکرای کرد: “جووڵەکردنی حەشدی شەعبی بۆ پارێزگای کەرکووک، بە هەماهەنگی بوو لەگەڵ بەشێک لە هێزەکانی پێشمەرگە لە پێناو پاراستنی ئاسایشی کەرکووک، چونکە هاوکاری هەبوو لە نێوان ئێمە و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ ئەوەی هێزەکانی عێراق بچنە کەرکووکەوە، بۆیە بەشێک لە پێشمەرگە کشایەوە و دواتر هەمووی، بەمەش توانیمان دۆخەکە کۆنتڕۆڵ بکەین”.
ڕۆژی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ش، لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا کەرکووک لەلایەن میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و هێزەکانی عێراقەوە داگیر کرا، هەر لە سەروبەندی ئەو ڕووداوانەدا کۆسرەت ڕەسووڵ، مەلا بەختیار، شێخ جەعفەر، نەجمەدین کەریم و چەندان سەرکردەی دیکەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایان گەیاند کە گرووپێکی نێو حزبەکەیان ڕێککەوتنی ژێربەژێریان کردووە و بوونەتە هۆی ئەوەی زیاتر لە نیوەی خاکی باشووری کوردستان لەدەست بدرێت.
باسنیوز
