هەسەدە گوندەکانی سەرێکانی کۆنترۆڵ دەکاتەوە
ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵای کردووەتەوە هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) توانیویانە لە کاردانەوە بە هێرشەکانی چەند گوندێک کە لالایەن سوپای تورکیاوە داگیر کرابوون، دیسان بەتەواوی کۆنترۆڵیان بکەنەوە.
ڕوانگەی سووری ئەوەشی خستووەتە ڕوو: "لە هێرشەکان و ڕووبەڕووبونەوەکان لە نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و سوپای تورکیا شەڕڤانانی هەسەدە توانیویانە لە هێرشێکی پێچەوانەدا تەواوی گوندەکانی سەر بە سەرێکانی و چەند گەڕێکی سەرێکانیی کۆنترۆڵ بکەنەوە".
ئاماژەی بەوەش کردوە لە سەرەتای هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان، 135 شەڕڤان و 165 هاووڵاتیی سڤیل شەهید بوون کە 11 کەس منداڵ و 35 کەسیشیان ژنن و زیاتر لە 170هەزار کەس ئاوارە بوون کە 70 هەزار کەسیان منداڵن.
بەپێی دوایین زانیارییەکان سەڕەڕای گوشار و زەختی ئەمریکا، چین و وڵاتانی ئەورووپی بۆ سەر تورکیا کە هێرشەکانی ڕابگرێت، بەڵام هێشتا تورکیا پێداگرە لەسەر ئەو هێرشانە و ئەمڕۆ سێشەممەش سوپای تورکیا هێرشەکانی لەڕێگەی تۆپ و بۆردومانەوە بۆسەر سەرێکانی دەست پێکردووەتەوە و ڕووبەڕووبوونەوەیەکی توند لە نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و سوپای تورکیا و میلیشیا توندڕەوەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا بەردەوامە کە تورکیا پشتگیرییان دەکات.
باسنیوز
