بڕیارێكی دارایی لەبارەی ئەو كەسانەی پێشینەیان لەسەر ماوە

 بڕیارێكی دارایی لەبارەی ئەو كەسانەی پێشینەیان لەسەر ماوە
بەپێی بڕیارێكی وەزیری دارایی هەرێمی كوردستان، كە دەست (باس) كەوتووە، ئاماژە بەوە كراوە، ئەو كەسانەی وەكوو هاووڵاتی پێشینەی هاوسەرگیری، یان خانووبەرەیان وەرگرتووەە و فەرمانبەر نەبوونە و دواتر دامەزراون، ئەو كەسانە قەرزەكانیان دەخرێتە سەر مووچەكانیان.

پێشووتر بە رێنمایی دارایی لە ساڵی 2015وە وەرگرتنەوەی قیستی پێشینەكانی هاوسەرگیری، خانووبەرە، سندوقی نیشتەجێبوون لە فەرمانبەران راگیرابوو.

وەزارەتی دارایی سەرجەم گەنجینەکانی ئاگادار كردووەتەوە، هەر هاووڵاتییەك پێشینەی هاوسەرگیری بخرێتە سەر مووچەی، قیستی پێشینەی لێ وەرنەگیرێ، تاوەكوو رێنمایی تازە دەردەكرێت.

ئەحمەد عەبدولڕەحمان، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی راگەیاند: “بۆ ئەو بابەتە كار بە رێنماییە داراییەكان و نووسراوی تازەی وەزیری دارایی دەكرێت و فەرمانگەكانیش لەو چوارچێوەیەدا كار دەكەن”.

پێشینەی خانووبەرە لەنێوان 20 ملیۆن تاوەکوو 25 ملیۆن دینار بوو، پێشینەی هاوسەرگیرییش یەک ملیۆن تاوەکوو 5 ملیۆن دینار بوو، پێشووتر ساڵانە قیستەکان 6 مانگ جارێک دەگەڕێندرانەوە، هەر قیستێکی پێشینەی هاوسەرگیری 6 مانگ جارێک بوو، بڕەکەشی 180 هەزار دینار بوو.

سەرچاوەیەك لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بانکە پسپۆڕییەکان لە وەزارەتی دارایی بە (باس)ی راگەیاند، بڕیارێكی وەزارەتی دارایی هەیە بۆ ئەوەی قەرزی پێشینەكان بخرێتە سەر مووچە، گوتی: "ئەوەی پێشووتر وەكوو هاووڵاتی پێشینەی وەرگرتووە، دانەوەی قیستەكانی رانەگیراوە، هەیە بووەتە فەرمانبەر و ئێستا بڕیار دراوە قەرزەكە بخرێتە سەر مووچەكەی".

روونیشی كردەوە، بۆ قەرزی سندوقی نیشتەجێبوون، ئەوەی بیخاتە سەر مووچەكەی مامەڵەی بۆ دەكرێت، گوتیشی: "هەندێك پارە و غەرامەی دواخستنی قەرزەكەی لێ وەردەگیرێت و بۆی پاكتاو دەكرێت، پارەكە زۆر نییە، پاشان ئەوەی تری بۆ دەخرێتە سەر مووچەكەی، دواتر دەبێت مانگانە بڕێك پارە بدات".

روونیشی كردەوە، ئەوەی سندوقی نیشتەجێبوون دوای ئەوەی دەخرێتە سەر مووچەكەی، دەبێت مانگانە بڕە پارەیەك بگەڕێنێتەوە و راناگیرێت.

ئاشكراشی كرد، ئەوەی بیەوێت قەرزی پێشینەی خانووبەرە بخاتە سەر مووچەكەی، دەبێ قیستەكانی پێشووی بدات، پاشان ئەوەی تری دەچێتە سەر مووچەكەی، گوتیشی: "قیستەكانی پێشوو لەگەڵ غەرامەی دواكەوتن دەبێت پاكتاو بكات، پاشان ئەو قەرزەی ماوە دەخرێتە سەر مووچەكەی”.

بەگشتی حکوومەت 6 ملیار دۆلاری وەکوو پێشینەی جۆراوجۆر داوەتە زیاتر لە 620 هەزار کەس.








باسنيوز
Top