هەڵاتنی چەکدارانی داعش لەنێو زیندانەکانی رۆژئاوای کوردستان کاردانەوەی لێکەوتەوە

هەڵاتنی چەکدارانی داعش لەنێو زیندانەکانی رۆژئاوای کوردستان کاردانەوەی لێکەوتەوە
لەدوای هێرشی سەربازیی تورکیا بۆسەر رۆژئاوای کوردستان، نیگەرانییەکانیش سەبارەت بە دەرکەوتنەوە و بەهێزبوونەوەی داعش لە ناوچەکە زیاتربوون. رۆژی یەکشەممە بەرپرسانی هێزەکانی سووریای دیموکرات رایانگەیاند، بەهۆی هێرشەکانی تورکیاوە نزیکەی 800 کەسوکاری چەکدارەکانی داعش رایانکردووە، ئەمەش کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.

وەزیری دەرەوەی ئورسترالیا بەرپرسیارییەتی هەڵاتنی چەکدارە داعشەکان دەخاتە ئەستۆی تورکیا.

ماریس پاین، وەزیری دەرەوەی ئوسترالیا رایگەیاند، "تورکیا بەرپرسە لە هەڵاتنی هەر چەکدارێكی داعش لە سووریا و بەرپرسیشە لە هەر چەکدارێکی داعش کە لە زیندانەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدەدان. جەنابی سەرۆکی ئەنجوومەنی پیران، گفتوگۆکانی ئێمە لەگەڵ ئەمریکییەکان تایبەتن بەو بابەتانەن کە ئێمەیان نیگەران کردووە".

هاوکات یەکێتی ئەوروپا داوای وەستاندنی چالاکییە سەربازییەکانی تورکیا بۆسەر رۆژئاوای کوردستان دەکات لە راگەیێندراوێکیدا کە ئەمڕۆ دووشەممە بڵاوکراوتەوە، دەڵێت "چالاکییە سەربازییەکانی تورکیا ئەو پێشکەوتنانەی تاوەکو ئێستا لەلایەن هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ تێکشکاندنی داعش بەدەستهاتوون لەباردەبات. ئەمە لەکاتێکدایە داعش هێشتا بۆسەر ئاسایشی ئەوروپا، تورکیا و ئاسایشی ناوچەیی و نێودەوڵەتیش هەڕەشەیە".

بەپێچەوانەی وڵاتانی دیکە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کە دەگوترێت بە ئۆکەی ئەو تورکیا ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی ئەنجامداوە، دەڵێت رەنگە کورد بۆ بردنەوەی ئێمە بۆ سووریا هەندێک لە چەکدارە داعشەکان ئازادبکات، ترەمپ لە توویتەکەیدا رێک نووسیوویەتی: "کورد رەنگە هەندێکیان ئازادبکەن تاوەکو ئێمە ببەنە ناو جەنگەکەوە. بە ئاسانی لەلایەن تورکیا یان وڵاتانی ئەوروپا لەو شوێنەی کە لێوەی هاتوون دەستگیردەکرێنەوە، بەڵام دەبێت زۆر خێرابن. سزای تووند بۆسەر تورکیا بەڕێوەن. ئایا خەڵک بەڕاستی پێیانوایە ئێمە لەگەڵ تورکیای هاوپەیمانی ناتۆ بچینە شەڕەوە؟ شەڕە بێکۆتاکان کۆتاییان نایەت!"

ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی تورکیا بۆسەر ئەو ناوچانەی لە ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکراتدان لەکاتێکدایە، نزیکەی 12 هەزار چەکداری داعش و کەسوکاریان لە زیندانەکانی هەسەدەدان و مەترسی هەڵاتنیان هەیە، ئەوروپا بەقووڵی نیگەرانی ئەم دۆخەیە و ترەمپیش دەڵێت: تورکیا بەرپرسیارییەتی چەکدارەکان دەگرێتە ئەستۆ.
Top