بازیان.. حەوت كۆمپانیا قوتابخانەیەكی 12 پۆلی درووست دەكەن

بازیان.. حەوت كۆمپانیا قوتابخانەیەكی 12 پۆلی درووست دەكەن
ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ڕای دەگەیەنێت لەلایەن حەوت كۆمپانیای سنوورەكەوە بینای قوتابخانەیەكی 12 پۆلی لە ناوەندی شارەدێی بازیان درووست دەكرێت.

ڕێبوار ئەحمەد، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، ڕايگەیاند: "لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری شارەدێی بازیان لەگەڵ 7 كۆمپانیای خاوەن كارگە لە سنووری شارەدێی بازیان كۆ بووینەوە و بڕیاریان داوە لەسەر ئەركی خۆیان قوتابخانەیەك لە گەڕەكێكی شارەدێی بازیان درووست بكەن".

گوتیشی: "قوتابخانەكە 12 پۆلی دەبێت و بە بڕی 700 ملیۆن دینار لە گەڕەكی (ئازادی) ناوەندی شارەدێی بازیان درووست دەكرێت".

ئاماژەی بەوەش دا "ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی پێشتر لەسەر پێشنیاری ئەمن بڕیاری داوە هەر كۆمپانیایەك لە هەر ناوچەیەكدا وەبەرهێنان دەكات، بەشێك لە داهاتەكەی بخاتە خزمەتی ئەو ناوچەیەوە، ئەم پرۆژەیەش بە پشتبەستن بەو بڕیارەی ئەنجومەنی پارێزگا ئەنجام دەدرێت".

ڕوونیشی كردەوە: "ئێمە ساڵانە پرۆژە دەدەینە كۆمپانیاكان لە بوارە جۆراوجۆرەكاندا و ئەوانیش لەسەر ئەركی خۆیان جێبەجێیان دەكەن".











باسنيوز
Top