مەیادە نەجاڕ: بەبێ جێگیرکردنی داخوازییەکانی ھەرێم ڕێگە نادەین بودجە تێپەڕێت
مەیادە محەمەد نەجاڕ، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ڕاگەیاند: "کارکردن لەسەر ئامادەکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی ئایندە لە لایەن لیژنەی دارایی و کوتلە سیاسییەکانەوە بەردەوامە، بەڵام نەگەیشتوونەتە ئاستێک ڕادەستی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بکرێت بۆ ئەوەی پەرلەمان خوێندنەوە بۆ پڕۆژەیاساکە بکات، ھەرێمی کوردستانیش لە ھەوڵدایە بگاتە ڕێککەوتن لەسەر ھەندێ داخوازیی خەڵکی کوردستان لەنێو پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراقدا."
نەجاڕ ڕوونی کردەوە: "ئەگەر ئەو خاڵانەی پەیوەستن بە ھەرێمی کوردستانەوە لەنێو پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراقدا جێگیر نەکرێن، بێگومان ھەڵوێست وەردەگرین و تا پێمان بکرێت ڕێگە نادەین بەبێ جێگیرکردنی مافەکانی خەڵکی کوردستان یاسای بودجە تێپەڕێندرێت، ھەر کە گەیشتە پەرلەمانیش ئەوکات بۆمان بەدیار دەکەوێت چی تێدایە دەربارەی ھەرێمی کوردستان."
پەیوەست بەوەی دانوستان ھەیە بۆ ئەوەی ھەرێمی کوردستان و بەغدا گەیشتبن بە ڕێککەوتن، مەیادە محەمەد نەجاڕ دەڵێ: "نەخێر نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن، چونکە هێشتا پڕۆژەکە ئامادەکاری بۆ دەکرێت، بەڵام ھەوڵ ھەر ھەنە بۆ ڕێککەوتن، بەتایبەتی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم لای ئێمە ھێڵی سوورە."
kdp-
