سلێمانی.. دابەشكردنی كتێب بەسەر پەروەردەكاندا دەستی پێكرد

سلێمانی.. دابەشكردنی كتێب بەسەر پەروەردەكاندا دەستی پێكرد
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی دەستپێكردنی پرۆسەی دابەشكردنی كتێبی بەسەر پەروەردەكانی سنووری پەروەردەی سلێمانی ڕاگەیاند.

مەریوان عومەر، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی ڕايگەیاند: "بەمەبەستی ئامادەكاری بۆ ساڵی نوێی خوێندن، ئەمڕۆ یەکشەممە 18/8/2019 لە بەڕێوەبەرێتی تەجهیزات، پرۆسەی دابەشكردنی كتێب بەسەر پەروەردەكانی سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی بۆ ساڵی خوێندنی 2019/2020 دەستی پێكرد".

گوتیشی: "ئەمڕۆ كتێب بەسەر هەر یەكە لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی هەڵەبجە و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی گەرمیان و بەڕێوەبەرایەتیی خوێندنی كوردی لە كەركووك دابەش كراوە".

ئاماژەی بەوەش دا: "ڕێژەیەكی زۆر كتێب گەیشتووەتە بەڕێوەبەرێتیی تەجهیزات و پرۆسەكە بەپێی خشتەیەك تا ڕۆژی پێنجشەممە 22/8/2019 بەردەوام دەبێت تا سەرجەم پەروەردەكان كتێبیان بەسەردا دابەش بكرێت".











باسنيوز
Top